عەلی فالح
زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، ئەمڕۆ سێشەممە لە چوارچێوەی سەردانە فەرمییەکەیدا بۆ
بەرلین، لەگەڵ فرانك ڤاڵتەر شتاینمایەر، سەرۆکی کۆماری ئەڵمانیای فیدراڵ کۆبووەوە
و پرسی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات و فراوانکردنی دەرفەتی
بەشداریکردنی کۆمپانیا ئەڵمانییەکانی لە پڕۆژەکانی عێراقدا تاوتوێ کرد.
لە
کۆبوونەوەکەدا، هەڵسەنگاندن بۆ بەرەوپێشچوونی پەیوەندییەکانی عێراق و ئەڵمانیا و
هەوڵە هاوبەشەکان بۆ بەهێزکردنی هاوبەشیی ئابووریی نێوان هەردوو وڵات کرا. هەروەها
جەخت لە فراوانکردنی دەرفەتی بەشداریکردنی کۆمپانیا ئەڵمانییەکان لە هەنگاو و
پڕۆژە گەشەپێدانەکانی ئێستای عێراق کرایەوە.
لە میانی
دیدارەکەدا، سەرۆک وەزیرانی عێراق دووپاتیکردەوە، حکومەتەکەی بەردەوامە لە
کرانەوەی ئابووری بەڕووی ئەڵمانیا و سەرجەم وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپادا، ئەوەش لە
سایەی ئەو هەنگاوانەی نراون بۆ زیادکردنی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی نەوتی خاو و
بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی کارەبا، شانبەشانی خێراکردنی پرۆسەی گۆڕینی عێراق
بۆ ڕێڕەوێکی ئابووریی کارا لە نێوان بازاڕەکانی ئاسیا و ئەوروپادا لە ڕێگەی پڕۆژەی
(ڕێگەی گەشەپێدان)ـەوە.
لە بەشێکی
دیکەی دیدارەکەدا، عەلی فالح زەیدی پێداگریی و تەرخانکردنی هەوڵەکانی عێراقی بۆ
پاڵپشتیکردنی سەقامگیریی ناوچەکە و کەمکردنەوەی گرژییەکان دووپات کردەوە، ئەوەش بە
ئامانجی ڕەخساندنی دەرفەتی زیاتر بۆ هاوبەشیی ئابووریی هەرێمی و نێودەوڵەتی، و
دروستکردنی تەواوکاری لە پڕۆژەکانی گەشەپێداندا کە خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی گەلی
عێراق و گەلانی دۆست، لە نێویاندا گەلی ئەڵمانیا، دەکات.
93 جار خوێندراوەتەوە