بەغدا زیاتر لە 76 ملیار دیناری وەک شایستەی دارایی جووتیارانی هەرێمی کوردستان خەرج کرد.

KNN : Kurdish News Network
03:09 - 15/09/2026
کوردستان
+
-

حکومەتی فیدراڵیی عێراق زیاتر لە 76 ملیار دیناری وەک شایستەی دارایی جووتیارانی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی 2025 خەرج کرد و بڕیارە بەسەر پارێزگاکاندا دابەش بکرێت

 

سەروەر هاواری، بریکاری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: لە چوارچێوەی قۆناغی هەشتەمی خەرجکردنی شایستە داراییەکانی جووتیاراندا، حکومەتی فیدراڵ بڕی 500 ملیار دیناری بۆ شایستەی دارایی جووتیارانی عێراق بۆ ساڵی 2025 تەرخان کردووە، لەو بڕەش پشکی جووتیارانی هەرێمی کوردستان بریتییە لە 76 ملیار و 294 ملیۆن و 184 هەزار دینار

 

بریکاری وەزارەتی بازرگانی ئاماژەی بەوەشکرد، بڕی پارە تەرخانکراوەکە بەم شێوەیە بەسەر پارێزگاکانی هەرێمی کوردستاندا دابەش دەکرێت:
پارێزگای سلێمانی: 29ملیار و 93ملیۆن و 449 هەزار دینار
پارێزگای هەولێر: 24 ملیار و 815 ملیۆن و 610 هەزار دینار
پارێزگای دهۆک: 22 ملیار و 385 ملیۆن و 125 هەزار دینار

 

لە کۆتاییدا سەروەر هاواری ڕوونیکردەوە، کۆی گشتیی شایستەی دارایی جووتیارانی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی 2025 بڕی 301 ملیار دینار بووە، جەختیشی لەوە کردەوە کە بە خەرجکردنی ئەم بەشە، تەنیا نزیکەی حەوت ملیار دینار لە تەواوی شایستە داراییەکانی جووتیاران لای حکومەتی فیدراڵ دەمێنێتەوە.

176 جار خوێندراوەتەوە