بەڕێوەبەری گشتیی شار و ناوچە پیشەسازییەکان لە دەستەی وەبەرهێنان رایدەگەیەنێت، بەهۆی بڕیارێکی پەرلەمانی عێراق و بەرزبوونەوەی نرخی کارەبا و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە، نرخی کەرەستەکانی بیناسازی لە هەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە
پشتیوان حەمەسەعید، بەڕێوەبەری گشتیی شار و ناوچە پیشەسازییەکان لە دەستەی وەبەرهێنان، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "لە سەرەتای ئەم مانگەوە نرخی تۆنێک چیمەنتۆ لە هەرێمی کوردستان 40 هەزار دیناری چووەتەسەر، بەمەش بە رێژەی نزیکەی 80٪ گران بووە، هەروەها نرخی تۆنێک شیش لە 520 دۆلارەوە بۆ 555 دۆلار زیادی کردووە، ئەمەش راستەوخۆ کاریگەریی لەسەر کەرەستەکانی دیکە دروستکردووە و هەر هەزار بلۆکێک 100 هەزار دینار گران بووە
سەبارەت بە هۆکارەکانی ئەو بەرزبوونەوەیە، بەڕێوەبەری گشتیی شار و ناوچە پیشەسازییەکان ئاماژەی بە سێ هۆکاری سەرەکی کرد، کە بریتین لە؛ هەڵگرتنی پاڵپشتییەکان لەسەر کارگەکان لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقەوە، بەرزبوونەوەی تێچووی کارەبا لەسەر کارگەکان بە شێوەیەکی بەرچاو، هەروەها گرانیی کرێی گواستنەوە بەهۆی ئاڵۆزی و گرژییە سەربازییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران لە ناوچەکەدا و کاریگەرییان لەسەر رێگە بازرگانییەکان
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، پشتیوان حەمەسەعید باسی لە ئاستی بەرهەمهێنان کرد و رایگەیاند، لە هەرێمی کوردستان حەوت مۆڵەتی کارگەی گەورەی چیمەنتۆ هەن (شەشیان سەر بە دەستەی وەبەرهێنان و یەکێکیان سەر بە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی)، کە ساڵانە 19 ملیۆن تۆن بەرهەمیان هەیە و 75٪ـی چیمەنتۆی هەرێمی کوردستان بۆ بازاڕەکانی دیکەی عێراق دەنێردرێت. ئەوەشی خستەڕوو، لە تەواوی عێراقدا 23 کارگەی حکومی و کەرتی تایبەت بوونیان هەیە، کە تێکڕای بەرهەمی ساڵانەیان دەگاتە 26 ملیۆن تۆن.
252 جار خوێندراوەتەوە