سەرۆک وەزیرانی عێراق لە پاریس لەگەڵ سەرۆکی بانکی رۆتچیلد کۆبووەوە

KNN : Kurdish News Network
03:08 - 14/09/2026
جیهان
+
-

عەلی فالح زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە شاری پاریسی پایتەختی فەڕەنسا پێشوازی لە ئیدوارد دی رۆتچیلد، سەرۆکی بانکی رۆتچیلد کرد و پێکەوە تاوتوێی فراوانکردنی هاریکارییەکانی عێراق و بانکە نێودەوڵەتییەکانیان کرد.

 

لە دیدارەکەدا کە ئەمڕۆ دووشەممە لە شوێنی مانەوەی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە پاریس بەڕێوەچوو، باس لە هەوڵەکانی حکومەت کرا بۆ پەرەپێدان و فراوانکردنی کەرتی بانکی و بەرزکردنەوەی ئاستی متمانەی دارایی عێراق، هاوکات ئامانجەکانی حکومەت بۆ بونیادنانی ئابوورییەکی بەهێز و هەمەچەشن خرانەڕوو.

 

لە بەرامبەردا، ئیدوارد دی رۆتچیلد، سەرۆکی بانکی رۆتچیلد جەختی لە گرنگیی ئەو دەرفەتە وەبەرهێنانانە کردەوە کە لە عێراقدا لەبەردەستدان، هەروەها ئاماژەی بەو بوارانە کرد کە دامەزراوە داراییە نێودەوڵەتییەکان دەتوانن لە ڕێگەیانەوە بەشداری لە پلانەکانی گەشەپێدانی عێراقدا بکەن.

 

جێی باسە، بانکی رۆتچیلد یەکێکە لە بەناوبانگترین و کۆنترین ئیمپراتۆریەتە بانکییەکان لە مێژووی هاوچەرخدا. ئەم بنەماڵەیە لە سەدەکانی 18 و 19دا تۆڕێکی بانکیی نێودەوڵەتیی بەهێزیان دامەزراند کە کاریگەریی قووڵی لەسەر ئابووری و سیاسەتی ئەوروپا هەبووە. لە ئێستاشدا وەک بانکێکی وەبەرهێنانی جیهانی بارەگا سەرەکییەکەی لە پاریسە، و لە ساڵی 2023دا بەتەواوی بووەتە کۆمپانیایەکی تایبەت و پشکەکانی لە بۆرسە کێشاوەتەوە.

85 جار خوێندراوەتەوە