وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ڕێکارێکی نوێی و توندی بۆ ڕێکخستنی ڕەفتاری پیشەیی مامۆستایان و خوێندکارانی زانکۆ دەرکرد و بەپێی ڕێکارەکەش، دروستکردنی پەیوەندیی سۆزداری، وەرگرتنی دیاری و وانەوتنەوە بە خزمانی پلە چوار بە توندی قەدەغە کران
ئەمڕۆ یەکشەممە (13ی 9ی 2026)، وەزارەتی خوێندنی باڵا بە فەرمی بەڵگەنامەی "ڕێکاری ڕەفتاری پیشەیی تایبەت بە مامۆستایانی زانکۆ و ڕەفتاری قوتابیان/خوێندکارانی زانکۆ"ی بڵاوکردەوە. ئامانج لەم هەنگاوە، دیاریکردنی ستانداردەکانی ڕەفتاری پیشەییە لە سەرجەم زانکۆ، کۆلێژ، و پەیمانگە حکومی و تایبەتەکانی هەرێمی کوردستان، و سەرپێچیکارانیش ڕووبەڕووی ڕێکاری یاسایی و کارگێڕی توند دەکرێنەوە
لە بەشێکی گرنگی ڕێکارەکەدا هاتووە، مامۆستا نابێت بەهیچ شێوەیەک جیاوازی لە نێوان خوێندکاراندا بکات لەسەر بنەمای ئایین، نەتەوە، ڕەگەز، یان بیروباوەڕی سیاسی. هەروەها، بە توندی هەوڵدان بۆ دروستکردنی پەیوەندیی کەسی و سۆزداری لەگەڵ خوێندکاران قەدەغە کراوە، و وەرگرتنی هەر جۆرە دیارییەک لەلایەن مامۆستاوە بە بەرتیل هەژمار دەکرێت و سەرپێچیکار ڕاستەوخۆ ڕەوانەی دادگا دەکرێت
هەر بەپێی بڕیارەکان، مامۆستا بۆی نییە وانە بە پۆلێک بڵێتەوە کە خزمێکی تا پلە چواری تێدابێت، یان سەرپەرشتیاری توێژینەوە و لیژنەی گفتوگۆی بێت. هاوکات، هەراسانکردنی سێکسی، چوونە ناوەندی خوێندن لەژێر کاریگەری کحول، و ئاشکراکردنی نهێنییەکانی تاقیکردنەوە و داتای خوێندکاران بە توندی قەدەغە کراوە.
117 جار خوێندراوەتەوە