وەزارەتی تەندروستیی عێراق، ئەمڕۆ دووشەممە،
ئاماری کۆتایی قوربانییانی ڕووداوی دزەکردنی غازی ئەمۆنیای لە یەکێک لە کارگەکانی
پارێزگای بەسرە ڕاگەیاند کە بەهۆیەوە دوو کەس گیانیان لەدەستداوە و 114 کەسی دیکەش
برینداربوون.
سەیف بەدر، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی لە
لێدوانێکدا ڕایگەیاند: چارەسەری خێرا بۆ سەرجەم بریندارەکان کراوە و خزمەتگوزاریی
پزیشکیی پێویستیان پێشکەش کراوە، هەروەها بە ڕاسپاردەی عەبدولحوسێن موسەوی، وەزیری
تەندروستی، چاودێری وردی ڕەوشی تەندروستییان دەکرێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، بۆ بەهاناوەچوونی قوربانییان
و گواستنەوەیان بۆ نەخۆشخانەکان، زیاتر لە 50 ئامبوڵانس ڕەوانەی شوێنی ڕووداوەکە
کراون.
سەبارەت بە ڕەوشی تەندروستیی بریندارەکانیش،
وتەبێژەکەی وەزارەتی تەندروستی ڕوونیکردەوە: "لە ئێستادا تەنها 21 بریندار لە
نەخۆشخانەکاندا ماونەتەوە؛ 12 بریندار لە نەخۆشخانەی زوبێر، دوو بریندار لە
نەخۆشخانەی سەیاب و حەوت بریندار لە نەخۆشخانەی کوێتین، بێجگە لە یەک بریندار
نەبێت، ڕەوشی تەندروستیی سەرجەم قوربانییەکانی دیکە جێگیرە".
159 جار خوێندراوەتەوە