نزار ئامێدی،
سەرۆک کۆماری عێراق، سەرکۆنەی ئەو هێرشانەی کرد کە کرانە سەر شانشینی عەرەبستانی
سعودیە و جەختی لەوە کردەوە کە عێراق بەهیچ شێوەیەک قبوڵی ناکات خاک و ئاسمانەکەی
وەک خاڵی دەستپێک بۆ دەستدرێژیکردنە سەر وڵاتانی دراوسێ بەکاربهێنرێت.
لە
ڕاگەیەندراوێکدا، نزار ئامێدی باسی لەوەکردووە: "پاراستنی سەروەریی عێراق و
پارێزگارییکردن لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ژینگەی هەرێمایەتییەکەی، بەرپرسیارێتیی
دەوڵەت و دامەزراوە دەستوورییەکانییەتی". هاوکات پشتگیریی خۆی بۆ ئەو
ڕێکارانە دووپاتکردەوە کە حکومەت لە دوای هێرشەکان گرتوویەتییەبەر، جەختیشی لە
پێویستیی بەردەوامبوونی لێکۆڵینەوەکان و گرتنەبەری سەرجەم ڕێکارە یاساییەکان
کردەوە بەرامبەر بە هەر کەسێک کە تێوەگلانی یان بەرپرسیارێتییەکەی دەسەلمێندرێت،
بە جۆرێک کە دووبارەنەبوونەوەی ئەو جۆرە هێرشانە مسۆگەر بکات.
سەرۆک کۆمار
ئاماژەی بە پەرۆشیی عێراق کرد بۆ پەیوەندییەکانی لەگەڵ عەرەبستانی سعودیە و سەرجەم
وڵاتانی دراوسێ، لەگەڵ چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری و پاراستنی بەرژەوەندیی
گەلانی ناوچەکە، دوور لە هەر کارێک کە ببێتە هۆی خستنەمەترسیی ئەو پەیوەندییانە
یان زیانگەیاندن بە ئاسایش و سەقامگیریی عێراق.
ئەم هەڵوێستە
دوای ئەوە دێت کە سعودیە ڕایگەیاند، هێڵی بۆریی نەوتی
"ڕۆژهەڵات-ڕۆژئاوا" لە هەردوو ناوچەی ڕیاز و مەدینە، ڕووبەڕووی هێرشی
فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بووەتەوە کە لە عێراقەوە هاتوون و بەهۆیەوە زیانی گیانی و ماددی
لێکەوتووەتەوە. بەڵام ڕیاز ڕوونیکردەوە کە لەم قۆناغەدا وەڵامدانەوەی بۆ هێرشەکان
ڕاگرتووە، ئەوەش لەسەر داوای عەلی فالح زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، بۆ پێدانی
دەرفەت بە بەغدا تاوەکو ڕێکارەکانی خۆی بگرێتەبەر.
پێشتریش سەرۆک
وەزیرانی عێراق بڕیاریدابوو فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی میسان لە پۆستەکەی
دووربخاتەوە و ئەنجومەنێکی لێکۆڵینەوە لەسەر فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکان پێکبهێنێت،
ئەوەش دوای ئەوەی سەلمێندرا کە هێرشەکان لە یەکێک لە پێگەکانی ناو ئەو پارێزگایەوە
ئەنجامدراون.
63 جار خوێندراوەتەوە