عەلی فالح
زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، ئەمڕۆ یەکشەممە، ڕایگەیاند؛ حکومەتەکەی کار دەکات بۆ
کردنەوەی دەرگای نوێی هاریکاری و وەبەرهێنان لەگەڵ پاریس و بەرلین، ئەوەش لە
چوارچێوەی سەردانێکی فەرمیدا بۆ ئەو دوو وڵاتە.
نووسینگەی
ڕاگەیاندنی سەرۆک وەزیران لە بەیاننامەیەکی ڤیدیۆییدا بڵاویکردووەتەوە، عەلی فالح
زەیدی بە سەرۆکایەتیی شاندێکی باڵای فەرمی، سەردانێک بۆ فەڕەنسا و ئەڵمانیا ئەنجام
دەدات. ئاماژەی بەوەشکردووە، پێویستە عێراق پێگەی خۆی بگەڕێنێتەوە و
پەیوەندییەکانی لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی هاوبەش بونیاد بنێتەوە.
بەپێی
بەیاننامەکە، سەرۆک وەزیران جەختی لەوە کردووەتەوە کە لەگەڵ پاریس دەرگای نوێ بۆ
هاریکاری، وەبەرهێنان و گەشەپێدان دەکەنەوە. هەروەها سەبارەت بە پەیوەندییەکانیان
لەگەڵ ئەڵمانیا وتویەتی: "لەگەڵ بەرلین کار دەکەین بۆ دامەزراندنی هاوبەشی لە
بوارەکانی مەعریفە، تەکنەلۆجیا و پیشەسازی کە لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی هاوبەش و
گەشەپێدان دامەزرابێت."
لە کۆتاییشدا
زەیدی ئەوەی خستووەتەڕوو، ئەمڕۆ عێراق بە متمانەوە دەڕوانێتە جیهان و کار دەکات بۆ
بونیادنانی هاوبەشیی ڕاستەقینە، بە جۆرێک کە تواناکانی بکاتە هێزێکی ئابووری و
هەرێمیی کارا لە ناوەندە نێودەوڵەتییەکاندا.
88 جار خوێندراوەتەوە