ڕوانگەی
"ئیکۆ عێراق"ی تایبەت بە کاروباری ئابووری، ئەمڕۆ یەکشەممە، ڕایگەیاند؛
عێراق پێویستی بە زیاتر لە 10 هەزار قوتابخانەی نوێ هەیە بۆ چارەسەرکردنی
قەرەباڵغیی نێو پۆلەکان و فەراهەمکردنی ژینگەیەکی پەروەردەییی باشتر، ئاماژەی
بەوەش کردووە کە هێشتا نزیکەی 200 قوتابخانەی قوڕ ماون و خوێندکاران دەوامیان تێدا
دەکەن.
ڕوانگەکە لە
بەیاننامەیەکدا ئاشکرایکردووە، ژمارەی ئەو قوتابخانانەی کە لەئێستادا خوێندکاران
لە عێراق دەوامیان تێدا دەکەن 40 هەزار قوتابخانە تێدەپەڕێنێت، بەڵام ئەم ژمارەیە
هێشتا بەس نییە بۆ پڕکردنەوەی پێداویستییە ڕاستەقینەکان.
ئەوەشی
خستووەتەڕوو: "عێراق پێویستی بە نزیکەی هەشت هەزار قوتابخانەی نوێ هەیە بۆ
ئەوەی بپەڕێتەوە بۆ سیستمی یەک دەوامی، بە جۆرێک کە هەر کارگێڕییەکی قوتابخانە
باڵەخانەیەکی سەربەخۆی هەبێت." هەروەها ڕوونیکردووەتەوە کە
"چارەسەرکردنی قەرەباڵغیی ناو پۆلەکان و هێنانەکایەی ژینگەیەکی فێرکاریی
باشتر، پێویستی بە دروستکردنی زیاتر لە 10 هەزار قوتابخانەی نوێ هەیە."
بەپێی
ئامارەکانی ڕوانگەکە، تا ئێستا نزیکەی 200 قوتابخانەی قوڕ و 800 قوتابخانەی
کاراڤانە بوونیان هەیە و خوێندکاران لە پارێزگاکانی سەلاحەدین و زیقار ڕوویان
تێدەکەن، جەختیشی لەوە کردووەتەوە کە "پارێزگا و شارە پڕ دانیشتووەکانی وەک
بەغدا، موسڵ، بەسرە و زیقار، لە ڕیزی پێشەوەی ئەو ناوچانەن کە زۆرترین پێویستییان
بە دروستکردنی قوتابخانەی نوێ هەیە."
لە کۆتاییدا،
ڕوانگەی ئیکۆ عێراق جەختی لەسەر پێویستیی جددیبوونی وەزارەتی پەروەردە کردووەتەوە
بۆ چارەسەرکردنی کێشەی قەرەباڵغی و باشترکردنی باڵەخانەی قوتابخانەکان لە
سەرتاسەری وڵاتدا.
111 جار خوێندراوەتەوە