سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان سەرکۆنەی ئەو هێرشانە دەکات کە کرانە سەر بۆرییەکانی نەوتی عەرەبستانی سعودیە و پشتیوانیی خۆیشی بۆ ڕێکارەکانی حکومەتی عێراق لەپێناو لێکۆڵینەوە و ئاشکراکردنی بەرپرسانی ئەو هێرشانە ڕادەگەیەنێت.
لە ڕاگەیەندراوێکدا، سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کردووە، ئیدانەی هێرشەکانی سەر بۆرییەکانی نەوتی شانشینی سعودیە دەکەن و هاوپشتیی تەواوی خۆیان بۆ ئەو وڵاتە و پەرۆشییان بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیرییەکەی دووپات دەکەنەوە.
لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: "جەخت دەکەینەوە کە نابێت خاکی عێراق ببێتە سەرچاوەی هیچ هەڕەشە و دەستدرێژییەک بۆ سەر وڵاتانی دراوسێ."
هەروەها سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ڕوونیکردووەتەوە کە ڕێزگرتن لە سەروەریی وڵاتان، دراوسێیەتیی باش و پەنابردنە بەر دیالۆگ، گونجاوترین ڕێگەن بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی عێراق و پتەوکردنی ئاشتی لە ناوچەکەدا.
68 جار خوێندراوەتەوە