وەزارەتی نەوتی عێراق، سەرجەم ئەو دەنگۆیانە رەتدەکاتەوە کە باس لە بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی بۆ هاووڵاتییان دەکەن، جەختیش دەکاتەوە کە بەرزکردنەوەی نرخەکان تەنیا فەرمانگەکانی دەوڵەت و چەند کەرتێکی دیکە دەگرێتەوە نەک ئەو پشکەی بۆ هاووڵاتییان تەرخان کراوە
ئەمڕۆ هەینی، وەزارەتی نەوتی عێراق و کۆمپانیای دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکان لە روونکردنەوەیەکدا بڵاویانکردەوە: "ئەو هەواڵانەی لە دەزگاکانی راگەیاندن و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەبارەی گرانبوونی نرخی سووتەمەنی بڵاوکراونەتەوە راست نین و نرخەکان بە شێوازی پاڵپشتیکراوی پێشوو بۆ هاووڵاتییان وەک خۆیان دەمێننەوە و هیچ گۆڕانکارییەکیان بەسەردا نەهاتووە
روونکردنەوەکەی وەزارەتی نەوت دوای ئەوە دێت، کە بەپێی نووسراوێکی فەرمی بڕیار درابوو لەم مانگەوە نرخی سووتەمەنی بۆ دامودەزگاکانی حکوومەت و چەند کەرتێکی دیکە بەرزبکرێتەوە
بەپێی نووسراوەکە، بۆ ئەو کەرتانە؛ نرخی یەک لیتر گاز بە (1000) دینار، بەنزینی نۆڕماڵ بە (750) دینار، بەنزینی موحەسەن بە (1000) دینار، بەنزینی سوپەر بە (1250) دینار و نەوتی سپی بە (1000) دینار دیاریکراوە
لەگەڵ بڵاوبوونەوەی نووسراوەکەدا، کۆمپانیای دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکان هاووڵاتییانی دڵنیاکردەوە، کە ناوەڕۆکی ئەو بڕیارە بەهیچ شێوەیەک سووتەمەنیی تایبەت بە هاووڵاتییان ناگرێتەوە و تەواوی پێداویستییەکانیان بە نرخە پاڵپشتیکراوەکانی پێشوو بۆ دابین دەکرێت
130 جار خوێندراوەتەوە