سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، هێزەکانی بەرگریی شنگال چەکەکانیان ڕادەستی دەوڵەت دەکەن و چیای شنگالیش بەتەواوی دەکەوێتە ژێر کۆنترۆڵی حکومەتی فیدراڵییەوە، هاوکات بڕیاریدا لیژنەیەکی باڵا بۆ چارەسەرکردنی کێشە ئەمنی و ئیدارییەکانی قەزاکە پێکبهێنرێت
ئەمڕۆ هەینی، عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، لەمیانی پێشوازیکردنی لە شاندێکی سەرکردایەتیی هاوپەیمانیی دۆزی ئێزدی و نوێنەرانی یەکینەکانی بەرگریی شنگال، جەختی لەوە کردەوە کە کۆنترۆڵکردنی چەک و یەکخستنی بڕیاری ئەمنی لەلایەن دەوڵەتەوە، بنەمایەکی سەرەکییە بۆ پاراستنی خەڵکی شنگال و سەقامگیریی ناوچەکە
سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوەشکرد، ڕادەستکردنی چەک لە چوارچێوەی بونیاتنانی دەوڵەتی دامەزراوەییدایە و حکومەت مافی شەڕڤانانی یەکینەکانی بەرگریی شنگال و یەکینەکانی ژنان زامن دەکات، ئەوەش لەڕێگەی تێکەڵکردنی ئەو کەسانەی شایستەن بە ناو دامەزراوە ئەمنییەکانی عێراق بەپێی ڕێکارە یاساییەکان
لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا، گفتوگۆ لەبارەی ڕەوشی خزمەتگوزاری، ئاوەدانکردنەوە، قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووان و ئامادەکردنی زەمینە بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان کرا. لەو چوارچێوەیەدا، سەرۆکوەزیران بڕیاریدا ئێزدییەکان لە پڕۆژەی دابەشکردنی یەک ملیۆن پارچە زەویی نیشتەجێبوون سوودمەند ببن و لیژنەیەکی باڵاش بۆ بەدواداچوونی وردی ڕەوشی ئەمنی و خزمەتگوزاریی شنگال پێکبهێنرێت
عەلی زەیدی دووپاتیکردەوە، حکومەت ڕێگە نادات شنگال ببێتە گۆڕەپانی ململانێکان و بوونی هیچ هێزێکی سەربازی یان ئەمنی لە دەرەوەی چوارچێوەی دەوڵەت قبوڵ ناکات. لای خۆشیانەوە، شاندی میوان پشتیوانیی تەواوی خۆیان بۆ هەنگاوەکانی حکومەت لەبارەی سەپاندنی دەسەڵاتی دەوڵەت و ڕادەستکردنی چەک دەربڕی.
103 جار خوێندراوەتەوە