ڕێبەر ئەحمەد،
وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان و فەریق ڕوکن زەید حۆشی موسەوی، سەرۆکی دەزگای
دژەتیرۆری عێراق کۆبوونەوە و جەختیان لە بەردەوامیی هەماهەنگی و یەکخستنی هەوڵەکان
بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵەنگارییە ئەمنییەکان کردەوە.
بەپێی
ڕاگەیەندراوێکی دەزگای دژەتیرۆری عێراق، کە ئەمڕۆ پێنجشەممە بڵاویکردووەتەوە، لە
کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی چەند دۆسیەیەکی ئەمنیی لەپێشینە لە نێوان ناوەند و هەرێم
کراوە، لە سەروو هەموویانەوە؛ پەرەپێدانی میکانیزمەکانی هەماهەنگی، ئاڵوگۆڕی
زانیاری و شارەزایی و بەهێزکردنی ئاستی تەواوکاری لە نێوان دامەزراوە ئەمنییەکاندا
بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسییەکانی تیرۆر.
لە بەشێکی
دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، هەردوولا باسیان لە گرنگیی بەدواداچوون و
ڕاوەدوونانی پاشماوەکانی چەتە تیرۆریستییەکان و وشککردنی سەرچاوەکانی پشتگیرییان
کردووە. هاوکات جەختیان کردووەتەوە لەسەر پێویستیی بەردەوامیی هاوکارییەکان بە
جۆرێک کە توانای دەزگا ئەمنییەکان زیاتر بکات بۆ وەڵامدانەوەی ئاڵەنگارییەکان و
چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری لە سەرانسەری وڵاتدا.
108 جار خوێندراوەتەوە