شاندێکی باڵای
حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ سێشەممە، گەیشتە شاری بەغدا بەمەبەستی ئەنجامدانی
زنجیرەیەک کۆبوونەوە لەگەڵ وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی فیدراڵ و
بەشداریکردنی ڕاستەوخۆ لە ئامادەکردنی ڕەشنووسی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی ساڵی (2027).
فەرمانگەی
میدیا و زانیاری بڵاویکردەوە، شاندەکەی هەرێم پێکهاتووە لە وەزیرانی دارایی و
ئابووری، سامانە سروشتییەکان، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران، سکرتێری ئەنجومەنی
وەزیران، سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون و بریکاری وەزارەتی پلاندانان. بڕیارە
شاندەکە سەرەتا لەگەڵ وەزارەتی دارایی فیدراڵ و دواتریش لەگەڵ وەزارەتەکانی
پلاندانان و نەوت کۆببنەوە.
ئامانجی
سەرەکیی سەردانەکە، جێگیرکردنی پشک و شایستە دەستووری و داراییەکانی هەرێمی
کوردستانە لە پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی داهاتوودا. هەر لە چوارچێوەی کۆبوونەوەکاندا،
شاندەکە تێڕوانین و داواکارییەکانی هەرێم سەبارەت بە تەرخانکراوی مووچە، پلە و
میلاکی وەزیفی، پڕۆژەکانی وەبەرهێنان، پەرەپێدانی پارێزگاکان، تەرخانکراوی بودجەی
بەکاربردن و دۆسیەی نەوت دەخاتەڕوو، ئەوەش بە مەبەستی گەیشتن بە تێگەیشتن و
ڕێککەوتنێکی هاوبەش لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ.
68 جار خوێندراوەتەوە