ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، وەفدی هەرێمی کوردستان
ئامادەیی نیشانداوە ڕۆژانە ٥٠ هەزار بەرمیل نەوت ڕادەستی بەغدا بکات لە بەرامبەر دابینکردنی
بەنزین بە ٤٥٠ دینار بۆ هاووڵاتییان، بەڵام وەزارەتی نەوتی عێراق ئەو پێشنیازەی ڕەتکردووەتەوە.
سروە محەمەد، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەمیانی
بەشداریکردنی لە بەرنامەی رۆژەڤی کەناڵی کەی ئێن ئێن ڕایگەیاند، وەزیری نەوتی عێراق
لەسەر پرسی نەوت و بەنزینی هەرێمی کوردستان "موزایەدە" دەکات و دەیەوێت تۆمەتەکان
بخاتە پاڵ هەرێم کە گوایە نەوت ڕادەست ناکەن. ئاماژەی بەوەشکرد، لە سەردانی پێشووی
وەفدی هەرێم بۆ بەغدا، دوو پێشنیاز خراونەتە بەردەم وەزارەتی نەوتی عێراق؛ یەکەمیان
ڕادەستکردنی ٥٠ هەزار بەرمیل نەوت لە بەرامبەر ناردنی بەنزینی ٤٥٠ دیناری، دووەمیشیان
زیادکردنی ئەو بڕە نەوتە بۆ ١٤٠ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا، بەڵام حکومەتی عێراق هەردوو
پێشنیازەکەی ڕەتکردووەتەوە و ئامادە نەبووە بەنزین بۆ هەرێم دابین بکات.
ئەو پەرلەمانتارە ئەوەشی خستەڕوو، لەگەڵ وەزیری دارایی عێراق کۆبوونەتەوە
و داوایان کردووە بەغدا ئەو ٥٠ هەزار بەرمیل نەوتە وەربگرێت و لە بەرامبەردا بەنزین
بۆ هەرێم بنێرێت، بەڵام تا ئێستا کێشەکە بە هەڵپەسێردراوی ماوەتەوە و ئەمەش بووەتە
هۆی دروستبوونی قەیرانێکی دیکە لە نێوان هەولێر و بەغدادا.
لەبارەی پلەبەرزکردنەوەش ئەو پەرلەمانتارە وتی: پلە بەرزکردنەوە مافێکی یاسایی و
دەستووریی فەرمانبەرانە و نابێت بکرێتە موزایەدەی سیاسی، ئاشکراشی دەکات کە
یادداشتێک بە واژۆی زیاتر لە ٢٠٠ پەرلەمانتارەوە ئاراستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان و
لایەنە پەیوەندیدارەکان کراوە بۆ چارەسەرکردنی پرسی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی
هەرێمی کوردستان.
سروە محەمەد، ئەندامی ئەنجومەنی
نوێنەرانی عێراق ئاماژەی بەوە کرد، دوای ئەوەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی
کوردستان کەوتە سەر بەغدا، پێویستە پرسی پلەبەرزکردنەوەش لەلایەن حکومەتی عێراقەوە
جێبەجێ بکرێت. ڕوونیشیکردەوە، وەزارەتی دارایی عێراق بە فەرمی داوای لە وەزارەتی
دارایی هەرێم کردووە لیستی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران ئامادە بکات و ڕەوانەی
بەغدای بکات بۆ ئەوەی خەرجییەکانیان بخرێتە سەر بودجەی گشتی.
ئەو پەرلەمانتارە باسی لەوەشکرد،
بەپێی دەستووری عێراق دەبێت هاووڵاتییان و فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان هەمان ئەو
ماف و ئیمتیازاتانەیان هەبێت کە فەرمانبەرانی ناوچەکانی دیکەی عێراق هەیانە و
نابێت جیاوازییان لەگەڵدا بکرێت. جەختیشی کردەوە کە ئەوان وەک نوێنەرانی کورد لە
بەغدا بەردەوام دەبن لە هەوڵەکانیان بۆ گەڕاندنەوەی ئەو مافە زەوتکراوەی
فەرمانبەرانی هەرێم.
لەبارەی پرسی موچەشەوە ناوبراو ڕونیکردەوە، کە هیچ کێشەیەک لە بەردەم ناردنی
مووچەی مانگی نۆی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان نەماوە و لە سەرەتای هەفتەی
داهاتوودا مووچە دابەش دەکرێت.
سروە محەمەد، ڕایگەیاند، مووچەی
مانگی نۆ هیچ کێشەیەکی لەسەر نییە و دوای پەسەندکردنی بودجەی ساڵی ٢٠٢٧ لە
پەرلەمانی عێراق، کێشەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان چارەسەر بووە و هیچ
گرفتێک دروست نابێت.
ئەو پەرلەمانتارە ڕوونیشیکردەوە،
ئەگەر هەرێمی کوردستان بڕی ١٢٠ ملیار دینار بنێرێتە بەغدا، یان ئەو بڕە پارەیەی کە
لە داهاتی ناوخۆ کۆدەبێتەوە، بەغدا هیچ گرفتێکی نییە بۆ ناردنی مووچە.
لە درێژەی قسەکانیدا، سروە محەمەد
جەختی لەوە کردەوە کە پرۆسەی دابەشکردنی مووچەی مانگی نۆ لە عێراق دەستی پێکردووە
و تا ئێستا لە ٦٠٪ـی فەرمانبەران مووچەیان وەرگرتووە. ئاماژەی بەوەشدا، لە سەرەتای
هەفتەی داهاتووەوە، مووچەی سەرجەم مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانیش بێ کێشە دابەش
دەکرێت و بە دڵنیاییەوە تا ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکارەکانی ناردنی مووچە تەواو دەبن.
204 جار خوێندراوەتەوە