وەزارەتی
دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕێنماییەکی نوێی بۆ مۆڵەتی بێ مووچەی
فەرمانبەران دەرکرد و بەپێی ڕێنماییەکە، پێدانی مۆڵەتی بێ مووچە نابێت لە دوو ساڵ
تێپەڕێت و ئەو ماوەیەش بۆ خزمەت و خانەنشینی هەژمار ناکرێت.
بەپێی ڕێنماییە
داراییەکەی وەزارەتی دارایی کە بە ژمارە (5)ی ساڵی 2026 دەرچووە و واژووی ئاوات
جەناب نوری، وەزیری دارایی و ئابووری لەسەرە، وەزیر و سەرۆکی دەستەی نەبەستراو بە
وەزارەت مافی پێدانی مۆڵەتی ئاسایی بێ مووچەیان هەیە بە فەرمانبەران لە کاتی
پێویستدا، بە مەرجێک ماوەی مۆڵەتەکە لە دوو ساڵ تێپەڕ نەکات. هەروەها بڕیاردراوە
بە ڕاگرتنی کارکردن بە ژمارەیەک ڕێنمایی ساڵەکانی 2015 تا 2022 کە تایبەت بوون بە
پێدانی مۆڵەتی بێ مووچە.
لە بەشێکی
دیکەی ڕێنماییەکەدا هاتووە، ئەو فەرمانبەرانەی پێشتر بەپێی ڕێنماییە کۆنەکان
مۆڵەتی بێ مووچەیان وەرگرتووە، مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت تا تەواوبوونی ماوەی
مۆڵەتەکەیان و دواتر یەکجارێکی تر بۆیان نوێ ناکرێتەوە. جەختیش کراوەتەوە، ئەگەر
فەرمانبەرێک پێشتر مۆڵەتی بێ مووچەی وەرگرتبێت و کۆی ماوەکەی دوو ساڵی
پڕکردبێتەوە، ئەوا شایستەی وەرگرتنی مۆڵەت نابێت بەپێی ئەم ڕێنماییە نوێیە.
بڕیارەکەش لە ڕۆژی بڵاوبوونەوەی لە ڕۆژنامەی فەرمیی (وەقایعی کوردستان) جێبەجێ
دەکرێت.
163 جار خوێندراوەتەوە