ملیۆنان بەرمیل نەوت لەژێر پارێزگاریی ئەمریکادا بە گەرووی هورمزدا تێدەپەڕن

KNN : Kurdish News Network
09:11 - 05/09/2026
جیهان
+
-

خزمەتگوزاریی "تانکەر تراکەرز" بۆ داتاکانی کەشتیوانی، ئەمڕۆ شەممە، ڕایگەیاند؛ ژمارەیەک کەشتیی نەوت و غاز کە حەوت ملیۆن بەرمیل نەوتیان هەڵگرتووە، لەژێر پارێزگاریی هێزەکانی ئەمریکادا ئامادەکاری دەکەن بۆ تێپەڕبوون بە گەرووی هورمزدا.

 

خزمەتگوزارییەکە کە تایبەتە بە چاودێریکردن و بەدواداچوون بۆ جووڵەی بارە نەوتییەکان و کەشتییە دەریاییەکان لە جیهاندا، لە هەژماری فەرمیی خۆی لە پلاتفۆرمی (ئێکس) بڵاویکردووەتەوە، دوێنێ هەینی 17 پرۆسەی گواستنەوەی نەوت و غازیان لە نێوان کەشتییەکاندا لە کەنداوی عومان تۆمارکردووە، کە قەبارەکەی نزیکەی 24 ملیۆن بەرمیل بووە. ئاماژەی بەوەش کردووە، ناوچەکە قەرەباڵغییەکی بەرچاو بەخۆیەوە دەبینێت و خزمەتگوزارییەکانی بەندەرەکانیش 24 کاتژمێر لە کاردان بۆ دەستەبەرکردنی سەلامەتی و ئاسانیی پرۆسەکانی گواستنەوە.

 

لە لایەکی دیکەوە، فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا دوێنێ هەینی ڕایگەیاند؛ تاوەکو سێی ئەم مانگە (ئەیلول)، ڕێڕەوی 87 کەشتیی بازرگانییان گۆڕیوە، کارەکانی سێ کەشتییان ڕاگرتووە و چوونەتە سەر دوو کەشتیی دیکەش، ئەوەش بەمەبەستی دڵنیابوونەوە لە پابەندبوونی تەواوەتیی ئەو کەشتییانە بە ڕێکار و ڕێنماییەکانەوە.

76 جار خوێندراوەتەوە