قاڵیباف: ئەمریکا دەیەوێت لەناوخۆی ئێران شەڕ و ئاژاوە هەڵبگیرسێنێت

KNN : Kurdish News Network
05:19 - 01/09/2026
جیهان
+
-

محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران ڕایگەیاند؛ هێزە چەکدارەکانی وڵاتەکەی کۆنتڕۆڵی تەواوەتیی گەرووی هورمزیان بەدەستەوەیە و ڕێگە نادەن ئەمریکا بەپێچەوانەی لێکتێگەیشتنەکانەوە کەشتییەکانی لەو ڕێڕەوە ئاوییەوە تێپەڕێنێت.

 

قالیباف ئاماژەی بەوە کرد، ئەمریکا هەوڵدەدات وەک "دز و قاچاخچی" چەند کەشتییەک لە گەرووی هورمزەوە تێپەڕێنێت، بەڵام ڕاستەوخۆ ڕووبەڕووی هێزە چەکدارەکانی ئێران دەبێتەوە. باسی لەوەشکرد، ئەو گورزانەی دوایی دوژمن بەهۆی سەپاندنی هێز و دەسەڵاتی ئێرانەوە بووە لە گەرووەکەدا، بەڵام تارانیش وەڵامی توندی ئەو هێرشانەی داوەتەوە. هەروەها وتیشی: "ئەمریکا درۆ لەگەڵ کەشتییەکان دەکات و دڵنیاییان پێدەدات بۆ تێپەڕین، بەڵام دواتر ئەو کەشتییانە دەکرێنە ئامانج."

 

سەرۆکی پەرلەمانی ئێران ئاشکراشی کرد، لەگەڵ عومان گەیشتوونەتە لێکتێگەیشتن سەبارەت بە گەرووی هورمز و جەختیشی کردەوە، سەپاندنی بەڕێوەبردنی ئێرانی بەسەر گەرووەکەدا، هیچ پێچەوانەی یاسا نێودەوڵەتییەکان نییە و هێزی سەربازیی وڵاتەکەشی لەو ناوچەیەدا پارێزراوە و بەرەوپێش چووە.

 

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا قالیباف ئەوەشی خستەڕوو، پێش دەستپێکردنی جەنگ، ڕۆژانە لانی کەم 120 کەشتی لە گەرووی هورمزەوە هاتوچۆیان دەکرد، بەڵام ئێستا ئەگەر یەک یان دوو کەشتیش تێپەڕن، بەهیچ شێوەیەک بەراورد ناکرێت بە پێش جەنگ. هۆشداریشی دا لەوەی ئامانجی دوژمن لە جەنگی فرەڕەهەند ئەوەیە، لە ناوخۆی وڵاتدا ئاژاوەگێڕی، تیرۆر و هێرشی سەربازیی کورتخایەن دەستپێبکات، بەڵام ئەو پلانانە لای بەرپرسانی ئێران ڕوونن.

163 جار خوێندراوەتەوە