وەزیری دەرەوەی تورکیا ڕایگەیاند، هاوپەیمانییەکەیان
لەگەڵ سعودیە و پاکستان هەنگاوێکی مێژووییە و تەواوکەری هاوپەیمانیی باکووری
ئەتڵەسی (ناتۆ)یە و دژی هیچ وڵاتێک نییە و دەرگاشیان بۆ بەئەندامبوونی وڵاتانی
دیکە کراوەیەوە.
هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا ئاشکرای کرد
کە کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ پاکستان و سعوودیە لەسەر ئاستی وەزیرانی دەرەوە،
وەزیرانی بەرگری و سوپاسالارانی ئەو وڵاتانە بەڕێوەچووە. جەختیشی لەوە کردەوە کە
ئەم هاوپەیمانییە پشت بە یاسا نێودەوڵەتییەکان دەبەستێت، ئامانجی جێگیرکردنی
ئاشتییە و دژی هیچ وڵاتێکی دیاریکراو ئاراستە نەکراوە.
سەبارەت بە فراوانکردنی هاوپەیمانییەکە، وەزیری
دەرەوەی تورکیا ڕوونیکردەوە کە دەرگایان کراوەیە بۆ هەموو وڵاتانی دۆست و لە
ئێستادا کار بۆ داڕشتنی نەخشەڕێگایەک دەکەن بۆ ئەوەی وڵاتانی دیکەش بێنە ناو
هاوپەیمانییەکەوە.
هێمای بۆ ئەوەش کرد کە بەم هەنگاوە پرۆسەی
دروستکردنی پێکهاتەیەکی نوێ بۆ ئاسایش و هاوکاری لە ناوچەکەدا دەستی پێکردووە و
پێویستە وڵاتانی ناوچەکە پێکەوە کار بکەن بۆ دەستەبەرکردنی ئاشتی و سەقامگیری.
213 جار خوێندراوەتەوە