ڤلادیمیر
پوتین، سەرۆکی ڕووسیا، لە میانی کۆبوونەوەی لەگەڵ مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری
ئێران ڕایگەیاند؛ گەلی ڕووسیا هاوسۆزە لەگەڵ گەلی ئێران لە خەباتکردنیان بۆ
بەدەستهێنانی بەرژەوەندییەکانیان و جەختیشیکردەوە، پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو
وڵات بەشێوەیەکی جێگیر لە تەواوی ئاراستەکاندا گەشە دەکەن.
لە
کۆبوونەوەکەدا کە لە پەراوێزی لوتکەی سەرکردەی وڵاتانی ئەندام لە "ڕێکخراوی
هاریکاریی شەنگەهای" بەڕێوەچوو، پوتین ئاماژەی بەوە کرد، سەرباری بارودۆخە
سەربازی و سیاسییەکانی ئێستا، ڕووسیا و ئێران پارێزگارییان لە ئاستی پەیوەندییە
بازرگانی و ئابوورییەکانی ساڵی ڕابردوویان کردووە. هاوکات داوای لە هاوتا
ئێرانییەکەی کرد سڵاوی بگەیەنێتە موجتەبا خامنەیی، ڕێبەری باڵای ئێران، وەک
جەختکردنەوەیەک لە قووڵیی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوانیان. هەروەها هەردوو
سەرۆک جەختیان لە بەردەوامیی بەهێزکردنی هاریکارییە ئابووری و بازرگانییەکانیان
کردەوە سەرباری ئاڵەنگارییە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان.
سەرۆکی ڕووسیا
وتیشی: "دەبینین گەلی ئێران ڕووبەڕووی بارودۆخێکی سەخت بووەتەوە، بەڵام بە
چەسپاوی بەرگری لە بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی دەکات، ئێمەش لەوە تێدەگەین و
پشتیوانییان دەکەین." ڕوونیشیکردەوە، مۆسکۆ هەوڵدەدات لە ڕێگەی دابینکردنی
ئەو کاڵایانەی پێویستی پێیەتی، لەم بارودۆخە سەختەدا پشتیوانیی ئێران بکات.
پوتین باسی
لەوەش کرد کە پاراستنی ئاستی پەیوەندییە بازرگانییەکان، لە پلەی یەکەمدا
دەگەڕێتەوە بۆ کاری چالاکانەی لیژنەی هاوبەشی حکومیی نێوان هەردوو وڵات کە
بەشێوەیەکی ڕێکخراو کار دەکات و لە ماوەی ڕابردووشدا دوایین کۆبوونەوەی خۆی
ئەنجامداوە.
125 جار خوێندراوەتەوە