عەلی فالح
زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، ئەمڕۆ سێشەممە، سەرۆکایەتیی کۆبوونەوەیەکی باڵای
لەگەڵ پێکهاتەی پێشکەوتووی وەزارەتی نەوت کرد، بە ئامادەبوونی وەزیرەکانی دارایی و
نەوت و ژمارەیەک لە ڕاوێژکاران، ئەوەش بە مەبەستی تاوتوێکردنی پلان و ستراتیژیی
گەشەپێدان و زیادکردنی بەرهەمهێنانی نەوت لە عێراق بۆ ماوەی نێوان (2027–2030).
لە
کۆبوونەوەکەدا، سەرۆک وەزیران لە وردەکاریی ئەو پلانە ئاگادار بووە کە پێشتر خۆی
ڕێنمایی بۆ ئامادەکردنی دابوو، و تێیدا ئەو ڕێڕەو و بەرنامانە خرانە ڕوو کە ئامانج
لێیان پەرەپێدانی کەرتی نەوت، بەرزکردنەوەی تواناکانی بەرهەمهێنانی و بەهێزکردنی
توانا هەناردەکارییەکانی عێراقە.
زەیدی جەختی
لەوە کردەوە کە ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی عێراق دەبێت لەگەڵ قەبارەی یەدەگ،
تواناکانی نەوتی و ژمارەی دانیشتووانەکەی بگونجێت، ئەوەش بۆ ئەوەی بتوانێت
پێداویستییەکانی هاوڵاتییان و مەرجەکانی گەشەپێدان دابین بکات، هەروەها جەختی
لەسەر پێویستیی پەرەپێدان و نۆژەنکردنەوەی ژێرخان و توانا هەناردەکارییەکان کردەوە
بۆ ئەوەی لەگەڵ زیادبوونی چاوەڕوانکراوی بەرهەمدا بگونجێن.
سەرۆک وەزیران
ڕێنمایی دەرکرد بۆ کارکردن لەسەر وەبەرهێنانی تەواوی غازی هاوەڵ، بە شێوازێک کە
بەشداربێت لە دابینکردن و پڕکردنەوەی پێداویستیی ناوخۆیی لە بواری انرژی و
کەمکردنەوەی بەفیڕۆچوون، تا ئەو ڕادەیەی پێویست بە هاوردەکردنی نەکات. هەروەها
فەرمانی کرد بە زیادکردنی بڕی بەرهەمهێنان لە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستانی
عێراق، و فراوانکردنەوەی کارەکانی گەڕان و پشکنین و زیادکردنی ڕووبەرەکانی گەڕان،
بە جۆرێک کە ئامانجەکانی پلانەکە بپێکێت و ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت تا ساڵی 2030
بگەیەنێتە نزیکەی 10 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا.
لە کۆتاییشدا،
وەزارەتی نەوتی راسپارد بۆ خۆئامادەکردن بە مەبەستی ڕێکخستنی کۆنفرانسێکی فراوان
کە تێیدا بانگهێشتی گەورەترین کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی بواری نەوت بکرێت، بە
ئامانجی ڕاکێشانی سەرمایەگوزاری، شارەزایی و تەکنەلۆژیای جیهانی، و ئەنجامدانی
گرێبەست لەگەڵیان بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکانی گەڕان، بەرهەمهێنان، پەرەپێدان و
هەناردەکردن، کە ئەوەش پێگەی عێراق لە بازاڕی انرژیی جیهانیدا بەهێزتر دەکات و
پشتگیری لە سامان و توانا ئابوورییەکانی دەکات.
138 جار خوێندراوەتەوە