دەزگای ئاسایشی
ناوخۆی ئیسرائیل (شاباک) ڕایگەیاند، یائیر ناتانیاهۆ، کوڕی سەرۆک وەزیرانی
ئیسرائیل بەهۆی بوونی هەڕەشەیەکی ئەمنییەوە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە
بەپەلە گەڕێندراوەتەوە بۆ ئیسرائیل.
بەپێی
ڕاگەیەندراوەکەی دەزگای شاباک، هەڕەشەیەکی گەورە بۆ سەر ژیانی یائیر ناتانیاهۆ
هەبووە، بۆیە دوای هەڵسەنگاندنی دۆخەکە و بە هەماهەنگی لەگەڵ تیمی ئەمنی،
بڕیاردراوە بەپەلە بیگەڕێننەوە بۆ ئیسرائیل، بەبێ ئەوەی سەرچاوەی هەڕەشەکە ئاشکرا
بکەن.
لەلایەکی
دیکەوە، تۆڕی هەواڵی "نیوزماکس"ـی ئەمریکی بڵاویکردووەتەوە، یائیر
ناتانیاهۆ لە کاتی مانەوەی لە شاری میامی ئامانجی پیلانێکی کوشتن بووە کە دەوترێت
لەلایەن ئێرانەوە داڕێژراوە. هەواڵگریی ئیسرائیل لە مانگی کانوونی یەکەمی
ڕابردوودا بە پیلانەکەی زانیوە و دەسەڵاتدارانی ئەمریکای لێ ئاگادار کردووەتەوە.
بەهۆیەوە ناچار کراوە بەپەلە و بەبێ بردنی کەلوپەلە تایبەتەکانی ئەمریکا جێبهێڵێت
و بگەڕێتەوە بۆ ئیسرائیل.
پێشتریش لە
ڕۆژی دووشەممەی ڕابردوودا، بنیامین ناتانیاهۆ ڕایگەیاندبوو کە ئێران هەوڵی
تیرۆرکردنی یەکێک لە کوڕەکانی داوە. ئەم لێدوانە دوای ئەوە هات کە ناتانیاهۆ و
لایەنگرانی ڕووبەڕووی ڕەخنە بوونەوە بەهۆی داواکارییەکەیان بۆ دابینکردنی پاسەوانی
هەمیشەیی بۆ خێزانەکەی تا کۆتایی تەمەنیان. ناتانیاهۆ پێی وایە ئەمە پێداویستییەکی
ئەمنییە و بەبێ پاسەوانی، دوژمنەکانیان سەرکەوتوو دەبن.
ئەم پێشهاتانە
لەکاتێکدان، ئەم لێدوانانە لەناوخۆی ئیسرائیلدا گومانیان دروستکردووە و لەلایەن
بەشێک لە خەڵکەوە وەک بەشێک لە بانگەشەی هەڵبژاردن سەیر دەکرێن. مانگی ڕابردووش
بەهۆی ترس لە هەوڵی تیرۆرکردنیان ئەگەر بێتو لە هەڵبژاردنەکانی مانگی تشرینی
یەکەمی داهاتوودا شکست بهێنن، لیژنەی وەزاری بۆ کاروباری ئەمنی بڕیاریدا بە
دابینکردنی پاسەوانیی هەمیشەیی بۆ سارا ناتانیاهۆ، هاوسەری سەرۆک وەزیران.
124 جار خوێندراوەتەوە