سبەی شاندێکی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێم سەردانی بەغدا دەکات بۆ پرسی چارەسەرکردنی بەنزین

KNN : Kurdish News Network
02:50 - 26/08/2026
کوردستان
+
-

بڕیارە سبەی پێنجشەممە، شاندێکی باڵای وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا بکات، بە مەبەستی تاوتوێکردن و چارەسەرکردنی کێشەی سووتەمەنی و بەنزین لە هەرێم

 

سیپان شێروانی، ئەندامی لیژنەی نەوت و غاز لە پەرلەمانی عێراق، لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند، سەردانەکە تایبەتە بە ئەنجامدانی کۆبوونەوە لەگەڵ ئەو لیژنە کاتییەی پەرلەمان کە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی سووتەمەنی لە هەرێمی کوردستان پێکهێنراوە، تاوەکو لەڕێگەی گفتوگۆوە ڕێگەچارەی گونجاو بۆ دابینکردنی بەنزین و پێداویستییەکان بدۆزرێتەوە

 

بەپێی زانیارییەکان، لە کۆبوونەوەکەدا وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان تێبینی و داواکارییە سەرەکییەکانی لەبارەی پشکی هەرێمی کوردستان دەخاتە ڕوو، هاوکات لیژنەکەی پەرلەمانی عێراق جەخت لە بەدیهێنانی دادپەروەری دەکاتەوە و دووپاتی دەکاتەوە پێویستە سەرجەم ئەو ماف و بەشە سووتەمەنییەی بۆ پارێزگاکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق دابین دەکرێت، بە هەمان شێوە و بەبێ جیاوازی بۆ هەرێمی کوردستانیش دابین بکرێت

 

ئەم سەردانە لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ چوارشەممە، هەمان لیژنەی پەرلەمانی میوانداریی وەزیری نەوتی عێراق، بەڕێوەبەری گشتیی دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکان و بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای سۆمۆی کرد، بەمەبەستی تاوتوێکردن و چارەسەرکردنی کێشەی بەنزین و پشکی ناوخۆی نەوتی هەرێمی کوردستان.

142 جار خوێندراوەتەوە