سەرچاوەیەکی
ئەمنیی ئاگادار، ئەمڕۆ شەممە، ئاشکرایکرد بڕیارێکی سەربازی دەرچووە بۆ
هەڵوەشاندنەوەی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی ڕۆژهەڵاتی دیجلە، کە ئەرکی ئەمنیی
ناوچەیەکی فراوانی باشووری پارێزگای کەرکوک تاوەکو قەزای خورماتوو لە ئەستۆدایە.
سەرچاوەکە
ڕوونیکردووەتەوە، فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی ڕۆژهەڵاتی دیجلە پێشتر ئەرکی
پاراستنی ئەمنیەتی ئەو ناوچانەی لە ئەستۆبووە کە لە قەزای داقوقی باشووری
کەرکوکەوە دەستپێدەکات تاوەکو دەگاتە قەزای خورماتوو، هاوکات بەشێک لە پارێزگاکانی
کەرکوک و سەلاحەدینیشی دەگرتەوە. بڕیاری هەڵوەشاندنەوەکەش لە چوارچێوەی
ڕێکخستنەوەی بەرپرسیارێتی و بڵاوەپێکردنی سەربازییە لە سنووری ئۆپەراسیۆنەکاندا،
لایەنە پەیوەندیدارە سەربازییەکانیش میکانیزمی دابەشکردنی ئەرک و یەکە سەربازییەکانی
سەر بەو فەرماندەییە دیاری دەکەن، بەڵام ئەو ناوچانە بەپێی پێکهاتەی نوێی
فەرماندەیی گشتیی هێزە چەکدارەکان لەژێر پاراستنی ئەمنی و سەربازیدا دەمێننەوە.
پێشتر و لەگەڵ
بڵاوبوونەوەی دەنگۆی گۆڕانکاری لە دۆسیەی ئەمنیی هەردوو پارێزگای کەرکوک و
سەلاحەدین، فراکسیۆنی تورکمانی لە پەرلەمانی عێراق داوایکرد هێزە فیدراڵییەکان لە
کەرکوک و قەزای خورماتوو بمێننەوە.
لە هەمان
کاتدا، عەبدولئەمیر ڕەشید یارەڵڵا، سوپاسالاری سوپای عێراق، سەردانێکی مەیدانی بۆ
سنووری ئۆپەراسیۆنەکانی کەرکوک ئەنجامداوە، بەمەبەستی لەنزیکەوە ئاگاداربوون لە
ئامادەیی یەکە سەربازییەکان، چۆنیەتی بڵاوبوونەوەیان، و هەڵسەنگاندنی ڕەوشی ئەمنیی
پارێزگاکە. لە میانەی سەردانەکەشدا زنجیرەیەک کۆبوونەوەی لەگەڵ فەرماندە و بەرپرسە
سەربازییەکان کردووە بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی هەماهەنگیی نێوان یەکە ئەمنییەکان
لەپێناو پاراستنی سەقامگیریی کەرکوک.
402 جار خوێندراوەتەوە