وەزیری نەوتی عێراق: ئامانجی ڕێککەوتنەکەمان لەگەڵ تورکیا هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستانە

KNN : Kurdish News Network
08:44 - 03/08/2026
عێراق
+
-

وەزیری نەوتی عێراق ئاشکرای دەکات، پلانیان هەیە بەشێک لە نەوتی کێڵگەکانی باشوور لە ڕێگەی بۆرییەکانی باکوورەوە هەناردە بکەن و قەبارەی هەناردەکردن بگەیەننە زیاتر لە 700 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا. هاوکات ئاماژە بەوەش دەکات، لەگەڵ ئێران لە گفتوگۆدان بۆ ئاسانکاریکردن لە هاتوچۆی کەشتییە نەوتهەڵگرەکان لە گەرووی هورمز

 

باسم محەممەد خوزەیر، وەزیری نەوتی عێراق، ئەمڕۆ دووشەممە، ڕایگەیاند؛ ڕۆژی یەکەمی ئەم مانگە ڕێککەوتنێکی گرنگیان لەگەڵ تورکیا واژۆ کردووە، کە تێیدا لێکتێگەیشتنە نەوتییەکانی نێوان هەردوولا بۆ ماوەی ساڵێک درێژکراوەتەوە، تاوەکو لەو ماوەیەدا ڕەشنووسی ڕێککەوتنێکی ستراتیژیی چوارچێوەیی درێژخایەن ئامادە بکرێت

 

ڕوونیشیکردەوە، ئامانج لە ڕێککەوتنەکە زامنکردنی بەردەوامیی هەناردەکردنی نەوتی خاوی کێڵگەکانی هەرێمی کوردستانە، لەگەڵ هەبوونی پلانێکی خواستخوازانە بۆ گواستنەوەی بەشێک لە نەوتی کێڵگەکانی باشوور بە هەمان بۆریدایە بۆ ئەوەی ئاستی هەناردەکردن بەرزبکرێتەوە

 

سەبارەت بە پەیوەندییەکان لەگەڵ ئێران، وەزیری نەوت ئاماژەی بەوە کرد، شاندی عێراقی گفتوگۆی وردی لەگەڵ لایەنی ئێرانی ئەنجامداوە بۆ تاوتوێکردنی جووڵەی نەرمی کەشتییە نەوتهەڵگرەکان لە گەرووی هورمز. چاوەڕوانیش دەکرێت لە چەند ڕۆژی داهاتوودا لێکتێگەیشتنی گەورە لەو بارەیەوە بکرێت، کە بەشدار دەبێت لە پاراستن و ئاسانکاریی تێپەڕبوونی بارە نەوتییەکان

 

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، وەزیری نەوتی عێراق جەختی لەوە کردەوە کە ئاراستەی حکومەت بەرەو دروستکردنی پردی پەیوەندی، هاوبەشی، و وەبەرهێنانی هاوبەشە لەگەڵ سەرجەم وڵاتانی دراوسێ وەک کۆڵەکەیەکی بنەڕەتی بۆ پاڵپشتیکردنی ئابووریی نیشتمانی. دووپاتیشیکردەوە، ئەو داهاتە داراییەی لە زیادبوونی هەناردەکردن و پەرەپێدانی گرێبەستەکان لەگەڵ کۆمپانیا جیهانییەکان بەدەست دێت، ئاراستەی دروستکردن و نۆژەنکردنەوەی گشتگیری ژێرخانی کەرتەکانی تەندروستی، پەروەردە و ڕێگاوبان دەکرێت، لەگەڵ پەرەپێدانی توانای کارمەندانی عێراق.

 

 

142 جار خوێندراوەتەوە