عەلی زەیدی سەردانی سعودیە دەکات

KNN : Kurdish News Network
10:17 - 04/08/2026
عێراق
+
-

سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەمڕۆ دووشەممە، ئاشکرایکرد، عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق هەفتەی داهاتوو سەردانی عەرەبستانی سعودیە دەکات، ئەمەش دوای ئەوە دێت کە بەهۆی هەوڵ و نێوەندگیرییە ناوخۆیی و دەرەکییەکانەوە گرژییەکانی نێوان بەغدا و ڕیاز خاوکرانەوە.

 

سەرچاوەکە بە ئاژانسی "شەفەق نیوز"ی ڕاگەیاندووە: "لە ڕۆژانی ڕابردوودا پەیوەندییەکی زۆر لەلایەن لایەنە نێودەوڵەتی، هەرێمی و ناوخۆییەکانەوە ئەنجامدراون بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و ڕیاز و ئەو لایەنانەش لە هەوڵەکانیان سەرکەوتوو بوون". ئاماژەی بەوەشکردووە، لەسەر بنەمای ئەو نێوەندگیرییانە بڕیاردراوە سەردانە دواخراوەکەی زەیدی بۆ سعودیە لە هەفتەی داهاتوودا ئەنجام بدرێت و تێیدا ڕێککەوتن لەسەر دۆسیەکانی ئەمنی، ئابووری، و وەبەرهێنان دەکرێت.

 

بەپێی وتەی سەرچاوەکە: "سعودیە بەڵێنی داوە لە میانی سەردانەکەی هەفتەی داهاتوودا، ئەو بەڵگانە بداتە زەیدی کە سەلمێنەری ئەوەن هێرش کراوەتە سەر وڵاتەکەی لەناو خاکی عێراقەوە".

 

ئەمە لەکاتێکدایە، دوو ڕۆژ لەمەوبەر عەلی فالح زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق و فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان، جەختی لە ڕێگریکردن لە هەر جۆرە سەرپێچی و هەڕەشەیەک کردەوە کە لە خاکی عێراقەوە ئاراستەی وڵاتانی دراوسێ بکرێت. هاوکات پێکهێنانی لیژنەیەکی ئەمنی هاوبەشی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵەنگارییەکان ڕاگەیاند و فەرمانیدا بە دانانی میکانیزمی ڕێگریکار بۆ دووبارەنەبوونەوەی ئەو جۆرە حاڵەتانە و هەر پێشێلکارییەکی چاوەڕوانکراو.

 

فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا "سێنتکۆم"، بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو ڕایگەیاند، فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا و سعودیە هێرشی وردیان کردووەتە سەر پێگەکانی چەک و هاوکارییە لۆجیستییەکان لە چەند ناوچەیەکی ڕۆژهەڵاتی عێراق، کە بەپێی ڕاگەیەندراوەکە سەر بەو گروپە چەکدارانەن کە پەیوەندییان بە ئێرانەوە هەیە و بەرپرسیارن لەو هێرشانە. بەهۆی ئەو هێرشانەشەوە بوو کە زەیدی سەردانەکەی پێشووی بۆ سعودیە هەڵوەشاندەوە کە بڕیاربوو ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو ئەنجام بدرێت، واتە تەنها ڕۆژێک دوای ئەنجامدانی هێرشەکان.

379 جار خوێندراوەتەوە