بەڕێوەبەرایەتیی
گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان ئاماری سەرەتایی ناوتۆمارکردن بۆ فەریزەی حەجی
ڕاگەیاند و ئاماژە بەوە دەکات کە لە ماوەی سێ ڕۆژی ڕابردوودا، 70 هەزار کەس ناوی
خۆیان تۆمار کردووە و پرۆسەکەش تەنها سێ ڕۆژی دیکەی ماوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە
(2ی ئابی 2026)، شێخ وریا مەولانا خالید بالیسانی، بەڕێوەبەری گشتیی حەج و عومرەی
هەرێم بە وەکالەت، ئاشکرای کرد کە تا ئێستا زیاتر لە 47 هەزار فۆڕمی داواکاری بۆ
سەفەری حەج پڕکراونەتەوە، کە ژمارەی ئەو کەسانەی لەخۆی گرتووە دەگاتە زیاتر لە 70
هەزار هاووڵاتی. جەختیشی لەوە کردەوە کە پرۆسەی ناونووسین زۆر بە باشی بەڕێوەدەچێت
و تا کۆتایی دەوامی ڕۆژی چوارشەممە (5ی ئاب) بەردەوام دەبێت.
سەبارەت بە
هەنگاوەکانی داهاتوو، بالیسانی ڕوونیکردەوە کە بەڕێوەبەرایەتییەکەیان بە هەماهەنگی
لەگەڵ سەرجەم نووسینگەکانی حەج و عومرە لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان، بەردەوامە
لە پرۆسەی وردبینی لە ناوی ئەو کەسانەی داواکارییان پێشکەش کردووە. ئاماژەی بەوەش
کرد کە دوای تەواوبوونی وردبینییەکان، وادەی ئەنجامدانی تیروپشک دیاری دەکرێت،
بڕیاریشە تیروپشکەکە بۆ هەردوو ساڵی 2027 و 2028 بەیەکەوە ئەنجام بدرێت.
228 جار خوێندراوەتەوە