ناوی سێ یەکەمەکان بۆ دابینکردنی میلاک و بودجە ئاراستەی ئەنجومەنی وەزیران کرد

KNN : Kurdish News Network
03:43 - 02/08/2026
کوردستان
+
-

وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان، داتا و زانیاریی سەرجەم سێ یەکەمەکانی دەرچووی زانکۆکان و هەڵگرانی بڕوانامەی باڵای ئاراستەی ئەنجومەنی وەزیران کرد، بە مەبەستی دابینکردنی میلاک و بودجەی پێویست بۆ دامەزراندنیان لە چوارچێوەی تەرخانکراوە داراییەکانی ساڵی 2027دا.

 

لەو چوارچێوەیەدا، د. توانا نەجەف، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی کارگێڕی و دارایی لە وەزارەتی خوێندنی باڵا ڕایگەیاند، دوای ئەوەی لە کۆبوونەوەی پێشووی ئەنجومەنی وەزیراندا داوا لە سەرجەم وەزارەتەکان کرا پێداویستییەکانیان بۆ دامەزراندن بخەنەڕوو، وەزارەتەکەیان ناوی سەرجەم سێ یەکەمەکانی دەرچووی ساڵانی (2017 بۆ 2025) و هەڵگرانی بڕوانامەی (دبلۆمی باڵا، ماستەر و دکتۆرا)ی دانەمەزراوی لەگەڵ بڕی بودجەی پێویست ئاراستەی ئەنجومەنی وەزیران کردووە.

 

ئامانج لەم هەنگاوە ئەوەیە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کاتی گفتوگۆکانی یاسای بودجەی عێراق بۆ ساڵی داهاتوو، بتوانێت بودجەی پێویست بۆ دامەزراندنی ئەم توێژانە دابین بکات کە ماوەیەکی زۆرە لە مافە یاساییەکانیان بێبەش بوون. هاوکات جەخت لەسەر ڕۆڵی گرنگی نوێنەرانی کورد دەکرێتەوە لە بەغدا، بۆ ئەوەی بەرگریکارێکی سەرسەخت بن لە بەدەستهێنانی ئەم شایستە داراییانە.

 

ئاماری کاندیدەکان و پێداویستییە داراییەکانیان بۆ دامەزراندن:


سێ یەکەمەکان (2017 - 2025): 16،282 کەس

 

بودجەی پێویست: 11 ملیار و 900 ملیۆن دینار

 

هەڵگرانی بڕوانامەی باڵا: 729 کەس

 

بودجەی پێویست: 911 ملیۆن دینار

 

281 جار خوێندراوەتەوە