فەرماندەی بارەگای
ناوەندیی خاتەمەلئەنبیای ئێران هۆشدارییەکی توند دەداتە وڵاتانی ناوچەکە و
ڕایدەگەیەنێت، هەر وڵاتێک هاوکاری ئەمەریکا بکات و خۆی بکاتە قەڵغانی بەرگریی بۆ
ئەو وڵاتە، ئەوا لە ئاگری جەنگدا دەسوتێت.
عەلی
عەبدوڵڵاهی، فەرماندەی بارەگای ناوەندیی خاتەمەلئەنبیا، لە لێدوانێکدا ئاماژەی
بەوە کرد، ئەمەریکا بە خێراییەکی زۆرەوە هەوڵی هەڵگیرساندنی جەنگێکی فراوانی
ناوچەیی دەدات، ئەمەش وەک بەشێک لە ستراتیژییەکی مەترسیدار بۆ فراوانخوازی و
سەپاندنی هەژموونی نایاسایی خۆی بەسەر تەواوی ناوچەکەدا.
ئاماژەی
بەوەشکردووە، ئەمەریکا سەروەت، سامان، ژێرخانە هەستیارەکان و سەرچاوە
ستراتیژییەکانی وڵاتانی موسڵمان وەک قەڵغانێکی بەرگریی بۆ سوپاکەی بەکاردەهێنێت،
هاوکات ئاسایش و پێگەی ئیسرائیلیشی پێ بەهێز دەکات.
ئەوەشی خستەڕوو کە هاوسەنگی
هێز لە ناوچەکەدا گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە و ئەمەریکا و ئیسرائیل دەیانەوێت لە
پشتی سەنگەری وڵاتانی موسڵمانەوە جەنگ بکەن و تێچووی وێرانکارییەکانیان بخەنە
ئەستۆی دەوڵەتانی ناوچەکە.
لە کۆتاییدا
ئەو فەرماندە سەربازییەی ئێران بە ڕاشکاوی داوا لە وڵاتانی موسڵمان دەکات بە
دوربینییەوە مامەڵە بکەن و پێداچوونەوە بە هاوکارییەکانیان لەگەڵ واشنتن بکەن،
بەپێچەوانەوە هەر وڵاتێک ببێتە قەڵغانی بەرگری بۆ ئەمەریکا، لە ئاگری جەنگدا
دەسوتێت.
264 جار خوێندراوەتەوە