ترەمپ: گورزی توند لە ئێران دەوەشێنین و ناچاری دەکەین بە خۆبەدەستەوەدان

KNN : Kurdish News Network
08:50 - 01/08/2026
جیهان
+
-

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هەڕەشەی لێدانی "گورزێکی زۆر توند" لە ئێران دەکات و میدیاکانی ئەمریکاش بڵاویانکردەوە، ترەمپ تاوتوێی دەستپێکردنی هێرشێکی چڕ دەکات لە کۆتایی ئەم هەفتەیەدا کە بەتایبەتی ژێرخانی وزەی ئەو وڵاتە دەکاتە ئامانج، بە مەبەستی "ناچارکردنی تاران بە خۆبەدەستەوەدان".

 

لەم چوارچێوەیەدا، تۆڕی (سی بی ئێس نیوز) بڵاویکردەوە، ئەمریکا و ئیسرائیل پلانیان هەیە بۆ ئەنجامدانی هێرشی هاوبەش بۆ سەر دامەزراوەکانی وزەی ئێران، کە ڕەنگە لە پشووی کۆتایی ئەم هەفتەیەدا بەڕێوەبچێت و پاڵاوگەکانی نەوت و وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا بکاتە ئامانج. پێشتریش ڕۆژنامەی (نیویۆرک پۆست) لە زاری بەرپرسێکی ئەمریکییەوە بڵاویکردەوە کە ترەمپ هێشتا دەیەوێت بگاتە ڕێککەوتن، بەڵام هۆشداری داوە لەوەی بەردەوامیی هێرشەکانی ئێران "باجی دەبێت".

 

لە بەرامبەردا، سوپای پاسدارانی ئێران بەئامانجگرتنی دوو کەشتیی ڕاگەیاند کە هەوڵیاندابوو بە گەرووی هورمزدا تێپەڕبن و جەختیشیکردەوە کە چوار کەشتی دیکە ڕێڕەوی خۆیان گۆڕیوە. هاوکات ئاژانسی (تەسنیم)ی سەر بە سوپای پاسداران، لە زاری بەرپرسێکی باڵای ئەمنیی ئێرانەوە بڵاویکردەوە کە بەئامانجگرتنی ژێرخانی ئێران "کارێکی شێتانە" دەبێت.

 

ئەو بەرپرسە ئێرانییە ئاماژەی بەوەشکردووە، تاران پلانێکی فراوانی بۆ وەڵامدانەوە ئامادە کردووە کە بەئامانجگرتنی دامەزراوە هەستیارەکانی ئیسرائیل و ژێرخانی وزەی ئەمریکا لە ناوچەکە لەخۆدەگرێت، و جەختیشی لە ئامادەیی ئێران بۆ جێبەجێکردنی ئەو پلانە کردووەتەوە.



176 جار خوێندراوەتەوە