بەرگریی شارستانیی هەولێر ڕایدەگەیەنێت، تیمەکانیان کۆنترۆڵی 12 ڕووداوی ئاگرکەوتنەوەیان لە ناوچە جیاوازەکانی هەولێر و دەوروبەری کردووە و بەهۆی نەبوونی مەرجەکانی سەلامەتیشەوە، ئاگرێکی گەورە لەسەر ڕێگای کەرکوک زیانێکی زۆری ماددی لێکەوتەوە
شاخەوان سەعید، وتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند: "تیمەکانمان ڕۆژێکی سەختیان بەڕێکرد و لە سنووری هەولێر و دەوروبەری نزیکەی 12 ڕووداوی ئاگرکەوتنەوە هەبوون، بەڵام خۆشبەختانە هیچ زیانێکی گیانییان لێنەکەوتووەتەوە و تەواوی هاوڵاتییان و کارمەندانمان سەلامەتن
وتەبێژی بەرگریی شارستانی ئاماژەی بەوەش کرد، ئاگرەکان لە چەند ماڵ، شوێنێکی گشتی، کەمپ و کۆگایەکدا کەوتوونەتەوە و سەرجەمیان کۆنترۆڵکراون
سەبارەت بە ئاگرە گەورەکەی سەر ڕێگای هەولێر - کەرکوک، شاخەوان سەعید ڕوونیکردەوە، کاتژمێر 8:34ی بەیانی ئاگادارکراونەتەوە لە کەوتنەوەی ئاگرێک لە کارگەیەکی ڕۆنی ئۆتۆمبێل، بەڵام بەهۆی بوونی ڕەشەبایەکی بەهێزەوە، ئاگرەکە بە خێرایی تەشەنەی سەندووە و کۆنترۆڵکردنی قورس بووە
جەختی لەوەش کردەوە، ئەو کۆگایەی سووتاوە مەرجی سەرەکیی سەلامەتی کە سیستمی ئاوپڕژێنە تێدا نەبووە، بەو هۆیەشەوە سێ کۆگا بەتەواوی سووتاون و داڕماون، کە زیانێکی زۆری ماددییان بەخۆیان و دەوروبەریان گەیاندووە
لەبارەی ڕێکارەکانی دوای ڕووداوەکە، ناوبراو ڕایگەیاند؛ لیژنەکانیان لەڕێگەی کامێراکانی چاودێرییەوە دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردووە و بە هەماهەنگی لەگەڵ پۆلیس و ئاسایش وردەکارییەکان دەخەنە ڕوو
هاوکات، بەهۆی چڕیی دووکەڵی ئاگرەکە و مەترسی بۆ سەر شۆفێران، ڕێگای سەرەکیی هەولێر - کەرکوک بۆ ماوەیەک لەلایەن پۆلیسی هاتوچۆوە داخرابوو تا ئەو کاتەی توانرا ئاگرەکە بەتەواوی کۆنترۆڵ بکرێت.
371 جار خوێندراوەتەوە