بەرەی مقاوەمەی ئیسلامیی عێراق بەتوندی سەرکۆنەی هێرشە هاوبەشەکانی ئەمریکا و سعودیەی بۆ سەر خاکی عێراق کرد و هەڕەشەی وەڵامدانەوەی تووند دەکات دوای کۆتاییهاتنی مەراسیمی چلەی ئیمام حوسێن، هاوکات مۆڵەتێک دەداتە حکومەت بۆ یەکلاکردنەوەی پرسی چەکداماڵینی گروپە چەکدارەکان
ئەمڕۆ چوارشەممە (29ی 7زی 2026)، بەرەی مقاوەمەی ئیسلامیی عێراق لە بەیاننامەیەکدا هەڵوێستی خۆی لەسەر پەرەسەندنی گرژییە ئەمنییەکان و پرسی چەکداماڵینی هێزەکانی ڕاگەیاند. لە بەیاننامەکەدا، وێڕای ڕەتکردنەوەی هەر جۆرە هێرشێک بۆ سەر خاکی سعودیە و دامەزراوەکانی، ئەمریکای بە ئەنجامدانی "تاوانێکی نوێ" تۆمەتبار کردووە بەهۆی بەئامانجگرتنی هێزەکانی حەشدی شەعبی و کاروانێکی خزمەتگوزاریی زیارەتکاران لە پارێزگای کەربەلا، کە بووەتە هۆی کوژران و برینداربوونی دەیان کەس. هەروەها هێرشی توندی کردووەتە سەر سعودیە و بە "ئامرازێکی ژێر چاودێریی کۆشکی سپی و دەزگا هەواڵگرییەکانی ئەمریکا" ناوی بردووە
سەبارەت بە دەنگۆی هێرشکردنە سەر کێڵگە نەوتییەکانی سعودیە لەناو خاکی عێراقەوە، بەرەی مقاوەمە دەپرسێت: "ئەگەر ئەم بانگەشەیە ڕاستیش بێت، ئایا لۆجیکییە لە بەرامبەر هەوڵێکی ناسەرکەوتوو بۆ لێدانی کێڵگەیەکی نەوتی، بە کوشتن و بریندارکردنی دەیان کەسی بێتاوان لە کەربەلا وەڵام بدرێتەوە؟". هاوکات لەبارەی پرسی ڕادەستکردنی چەک بە دەوڵەت، پرسیار لە حکومەت دەکات و دەڵێت: "ئەگەر لەم قۆناغەدا چەکەکانمان ڕادەست بکەین، حکومەت چ هەڵوێستێکی توند بۆ بەرگریکردن لە سەروەریی عێراق و تۆڵەکردنەوەی خوێنی بێتاوانەکان دەگرێتەبەر؟
لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا، بەرەی مقاوەمە دوو بڕیاری نوێی ڕاگەیاندووە؛ یەکەم، پێدانی مۆڵەتێک کە زۆرترین ماوەکەی تاوەکو 6ی 8ی 226 دەبێت، بەو لایەنانەی حکومەت کە داوای چەکداماڵینی مقاوەمە دەکەن، بۆ ئەوەی بزانرێت چ هەنگاوێکی کرداری دەنێن
دووەم، جەختکردنەوە لە وەڵامدانەوەی حەتمیی هێرشەکانی ئەمریکا دوای کۆتاییهاتنی مەراسیمی چلە لەپێناو پاراستنی ئاسایشی زیارەتکاران، کە ڕەنگە وەڵامدانەوەکە ئامرازەکانی ئەمریکا لە ناوخۆی سعودیەش بگرێتەوە
209 جار خوێندراوەتەوە