وەزارەتی
دەرەوەی ئۆکرانیا، بە توندی ئەو تۆمەتانە ڕەتدەکاتەوە کە باس لە دەستگیرکردنی
شانەیەکی سەر بە وڵاتەکەی دەکەن لە عێراق و ئەو بانگەشانە بە "بێ بنەما"
و "نابەرپرسیارانە" وەسف دەکات.
ئەم هەڵوێستەی
کیێڤ دوای ئەوە دێت، قاسم عەبوودی، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق لە
چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا ڕایگەیاندبوو؛ هێزە ئەمنییەکان گرووپێکیان
دەستگیرکردووە کە دانیان بەوەدا ناوە بۆ بەرژەوەندیی ئۆکرانیا کاریان کردووە و
هێرشیان کردووەتە سەر چەند دامەزراوەیەکی عێراقی.
وەزارەتی
دەرەوەی ئۆکرانیا جەخت لەوە دەکاتەوە کە هیچ بەڵگەیەک بۆ سەلماندنی ئەو قسانە لە
ئارادا نییە و خودی بەرپرسە عێراقییەکەش دانی بەوەداناوە کە لێکۆڵینەوەکان
بەردەوامن. هاوکات نیگەرانیی خۆی نیشانداوە لە پشتگوێخستنی کەناڵە دیپلۆماسییەکان
لەلایەن بەغداوە، چونکە پێش لێدوانە تەلەفزیۆنییەکە هیچ زانیارییەکیان پێ نەدراوە
و هەواڵەکەیان تەنها لە میدیاکانەوە بیستووە.
لە
ڕاگەیەندراوەکەدا، ئۆکرانیا ئەو تۆمەتانە بە بەشێک لە پڕوپاگەندەی ڕووسیا دەزانێت
بە ئامانجی تێکدانی پەیوەندییەکانی کیێڤ لەگەڵ وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و
هاوبەشییەکانی لەگەڵ عێراق. هۆشداریش دەدات کە لێدوانی لەم شێوەیە لەلایەن
بەرپرسێکی باڵای وڵاتێکی دۆستەوە، دژی پرەنسیپەکانی ڕێزگرتنی دوولایەنەیە و زیان
بە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات دەگەیەنێت. لە بەرامبەریشدا، لایەنی عێراقی
دەڵێت کە دۆسیەکە هێشتا وەک لێکۆڵینەوەیەکی چالاک ماوەتەوە و نەگەیشتووەتە ئەنجامی
کۆتایی دادوەری.
95 جار خوێندراوەتەوە