زەبیحوڵڵا
خودائیان، سەرۆکی ڕێکخراوی پشکنینی گشتیی ئێران، ڕایگەیاند؛ نێوەندگیرێکی دارایی
کە بە "تراستی" ناسراوە، دوای بردن و دزینی 200 ملیۆن دۆلار لە داهاتی
نەوتی ئەو وڵاتە، بەرەو دەرەوەی وڵات هەڵاتووە.
سەرۆکی
ڕێکخراوەکە لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا ئاماژەی بەوە کرد، ئەو کەسە
"خیانەتی لە ئەمانەت کردووە" و ئەو بڕە پارە زۆرەی نەگەڕاندووەتەوە بۆ
خەزێنەی دەوڵەت. تا ئێستاش دەسەڵاتدارانی تاران ناوی نێوەندگیرەکە، کۆمپانیاکەی،
یان ئەو وڵاتەی بۆی هەڵاتووە، ئاشکرا نەکردووە.
کۆماری
ئیسلامیی ئێران، بۆ دەربازبوون لە سزاکانی ئەمریکا و گواستنەوەی داهاتی نەوتە
قاچاخکراوەکانی، پشت بە تۆڕێکی دارایی و کۆمپانیا سێبەرەکان دەبەستێت. بەپێی
زانیارییەکانیش، ئەمە تەنها حاڵەت نییە، بەڵکو تاران بەدوای لانیکەم 15 نێوەندگیری
دارایی دیکەدا دەگەڕێت کە بە سەدان ملیۆن دۆلارەوە هەڵاتوون و دیار نەماون.
لەسەر ئەم
کەیسانە، دەسەڵاتی دادوەریی ئێران 59 دۆسیەی دژی بەڕێوەبەرانی ئەو کۆمپانیا
سێبەرانە کردووەتەوە و لە ڕێگەی پۆلیسی نێودەوڵەتی (ئینتەرپۆل)ەوە هەوڵی
دەستگیرکردنیان دەدات. ئاشکرابوونی ئەم ڕووداوانەش، ڕەخنەی توندی ناوخۆیی بەدوای
خۆیدا هێناوە لە نەبوونی چاودێری و شەفافیەت لە پێسپاردنی ملیاران دۆلاری وڵات بە
کەسانێک تەنها لەسەر بنەمای "متمانەی کەسی".
357 جار خوێندراوەتەوە