وەزارەتی
بەرگریی سعودیە، ئەمڕۆ چوارشەممە ڕایگەیاند؛ بە هەماهەنگی لەگەڵ فەرماندەیی
ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم)، چەند گورزێکی ورد و دیاریکراویان ئاراستەی
ئامانجەکانی سەر بەو میلیشیایانە لە ناو خاکی عێراق کردووە کە تێوەگلاون لە
هێرشکردنە سەر دامەزراوە نەوتییەکانی شانشینەکە.
لیوا ڕوکن
تورکی مالیکی، وتەبێژی وەزارەتەکە لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕوونیکردەوە، ئەم هێرشانە
پاڵپشت بە مافی بەرگریکردن لە خۆ بەپێی ماددەی (51)ی پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان
ئەنجامدراون. جەختیشیکردەوە، سعودیە هەوڵی ئاڵۆزترکردنی دۆخەکە نادات، بەڵام
وەڵامی هەر دەستدرێژییەک دەداتەوە کە بکرێتە سەری. ئەمەش دوای ئەوە دێت ڕۆژانی
دووشەممە و سێشەممە، وەزارەتی بەرگریی سعودیە خستنەخوارەوەی چەند فڕۆکەیەکی
بێفڕۆکەوانی ڕاگەیاند کە لە خاکی عێراقەوە ئاراستەی دامەزراوە نەوتییەکانی ناوچەی
ڕۆژهەڵات و ڕیاز کرابوون لەلایەن "میلیشیا تیرۆریستییەکانی سەر بە ئێرانەوە".
لە لایەکی
دیکەوە، فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) لە پلاتفۆرمی (ئێکس) بڵاویکردەوە،
"ئەم گورزە وردانە لە عێراق، ئەو تیرۆریستانەیان کردووەتە ئامانج کە سوپای
پاسدارانی ئێران ئاراستەی کردوون بۆ هێرشکردنە سەر هێزەکانی ئەمریکا و ژێرخانی وزە
لە سعودیە". ئاماژەی بەوەش کردووە، فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا و سعودیە پێگە
لۆجستی و چەکدارییەکانی ئەو گروپانەیان لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی عێراق بۆردومان
کردووە و داواشی لە سوپای پاسداران و بریکارەکانی کردووە ئەو هێرشانە بوەستێنن بۆ
ئەوەی ڕووبەڕووی وەڵامی سەربازیی زیاتری ئەمریکا نەبنەوە.
لای خۆیەوە،
وەزارەتی دەرەوەی سعودیە جەختی لەوە کردەوە کە ئەم رێبازە دوژمنکارییەی میلیشیاکان
لە کاتێکدایە کە وڵاتەکەی هەوڵی هێورکردنەوەی دۆخی ناوچەکە دەدات. بەیاننامەکە
ئاماژەی بەوەش کردووە کە ئەو میلیشیا "تیرۆریستییانەی سەر بە ئێران"
بژاردەی ئاڵۆزکردنی دۆخەکەیان هەڵبژاردووە و یاسای نێودەوڵەتی و بنەماکانی
دراوسێیەتییان پێشێل کردووە، دووپاتیشی کردەوە کە سعودیە پارێزگاری لە سەروەری و
هاووڵاتییان و سامانەکانی دەکات و درێغی ناکات لە گرتنەبەری ڕێکاری پێویست ئەگەر
ڕووبەڕووی هەر هێرشێک ببێتەوە.
66 جار خوێندراوەتەوە