عێراق و تورکیا لەسەر خێرا جێبەجێکردنی پڕۆژەی ڕێگەی گەشەپێدان و ڕێککەوتنی وزە کۆک بوون

KNN : Kurdish News Network
08:42 - 28/07/2026
عێراق
+
-

لە کۆبوونەوەیەکی نێوان عەلی فالح زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق و ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیادا، هەردولا جەختیان لەسەر جێبەجێکردنی پڕۆژەی ڕێگەی گەشەپێدان لە نزیکترین کاتدا و واژۆکردنی ڕێککەوتننامەیەکی گشتگیری هەماهەنگی لە بواری وزەدا کردەوە، هاوکات دووپاتیان کردەوە کە پاراستنی سەروەری، ئاسایش، و یەکپارچەیی خاکی وڵاتانی ناوچەکە بنەمایەکی سەرەکییە بۆ جێگیرکردنی سەقامگیریی هەرێمایەتی

 

بەپێی ڕاگەیەندراوێکی نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق، لەسەر بانگهێشتی فەرمیی ئەنقەرە، عەلی فالح زەیدی بە سەرۆکایەتی شاندێکی باڵای سیاسی، ئەمنی و ئابووری سەردانی تورکیای کردووە. لەمیانی سەردانەکەدا چەندین کۆبوونەوەی فراوان لەگەڵ سەرۆک کۆماری تورکیا سەبارەت بە پەیوەندییە دوقۆڵییەکان، پێشهاتەکانی ناوچەکە و پرسە نێودەوڵەتییەکان ئەنجام دراون. هەردوولاش ڕێککەوتوون لەسەر ئەنجامدانی پێنجەمین کۆبوونەوەی ئەنجومەنی هاریکاریی ستراتیژیی باڵا لە شاری بەغدا لە کاتێکی گونجاودا، لەگەڵ کاراکردنی لیژنە هاوبەشەکان و تەواوکردنی ڕێکارەکانی پەسەندکردنی ڕێککەوتننامە هەڵپەسێردراوەکان

 

لە بواری ئەمنی و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا، هەردوولا گفتوگۆیان لەسەر گرتنەبەری ڕێوشوێنی هاوبەش کردووە، بەتایبەت دژی ئەو ڕێکخراوانەی هەڕەشە لە ئاسایشی هەردوو وڵات دەکەن. لایەنی عێراقی گرنگیی هەماهەنگیی ئەمنی بۆ لەناوبردنی هەڕەشە سنوورییەکان بە پێویست زانیوە

 

 

لە بەشێکی تری کۆبوونەوەکەدا، باس لە پەرەپێدانی هەماهەنگییەکان لە بوارەکانی ئاو، وزە، بازرگانی، کشتوکاڵ، گواستنەوە و پەروەردە کراوە. سەبارەت بە پرسەکانی ناوچەکەش، هەردوو وڵات هەڵوێستی هاوبەشیان بەرامبەر پرسی فەڵەستین و پاراستنی یەکپارچەیی خاکی سوریا نیشان داوە، بڕیاریشە ساڵی داهاتوو یادی سەد ساڵەی دامەزراندنی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی نێوان عێراق و تورکیا بە چەندین چالاکیی هاوبەش بکرێتەوە.
ەرۆک وەزیرانی عێراق و سەرۆکی تورکیا چەند بڕیارێکی نوێیان دا.

99 جار خوێندراوەتەوە