زەیدی: پێویستە عێراق و تورکیا رێز لە سەروەریی یەکتر بگرن

KNN : Kurdish News Network
01:09 - 28/07/2026
عێراق
+
-

عەلی فالح زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، وڵاتەکەی و تورکیا لەبەردەم دەرفەتێکی مێژووییدان بۆ گۆڕینی ئاڵەنگارییەکان بۆ دەرفەتی ئابووری، و جەختیش دەکاتەوە کە پڕۆژەی ڕێگەی گەشەپێدان تەنها پڕۆژەیەکی ناوخۆیی نییە، بەڵکو پڕۆژەیەکی هەرێمییە کە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەیەکەوە دەبەستێتەوە.

 

لە وتارێکیدا کە ئەمڕۆ سێشەممە، لە ئاژانسی ئەنادۆڵی تورکی بڵاویکردووەتەوە، سەرۆک وەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوە کردووە، لە دەیەکانی ڕابردوودا پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و تورکیا تەنها لە چوارچێوەی دۆسیەکانی ئاسایش، ئاو، بازرگانی و جووڵەی سنوورییەکاندا بینراوە، بەڵام ئێستا کاتی ئەوە هاتووە ئەو ئاڵەنگارییانە بکرێنە دەرفەتێک بۆ خۆشگوزەرانیی هەردوو گەل. زەیدی دەڵێت: "عێراق ڕێگەی سەقامگیری، چاکسازی و گەشەپێدانی هەڵبژاردووە و کار بۆ دروستکردنی ئابوورییەکی بەهێز و پەیوەندییەکی دەرەوەی هاوسەنگ دەکات کە تێیدا هەماهەنگیی هەرێمی دەبێتە کۆڵەکەی گەشەسەندن".

 

لە بەشێکی دیکەی وتارەکەیدا، عەلی فالح زەیدی باسی لەوە کردووە کە گۆڕانکاری لە نەخشەی بازرگانیی جیهانیدا ڕوودەدات، بۆیە عێراق و تورکیا دەتوانن پێگەی جوگرافیی خۆیان بکەنە خاڵی بەیەکگەیشتنی کەنداو، ئاسیا و ئەوروپا. ئاشکراشی کردووە کە پڕۆژەی ڕێگەی گەشەپێدان جگە لە کورتکردنەوەی کاتی گواستنەوەی کاڵا، چەندین شاری نوێ، ناوچەی پیشەسازی و هەزاران هەلی کار دەڕەخسێنێت.

 

 سەبارەت بە دۆسیەی ئاسایش و ئاویش، سەرۆک وەزیرانی عێراق دووپاتیکردووەتەوە کە ئاسایشی هەردوو وڵات پێویستی بە هەماهەنگیی هەیە لەسەر بنەمای ڕێزگرتن لە سەروەریی یەکتر و ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر، هەروەها داواشی کردووە دۆسیەی ئاو بە هاوبەشی و لەسەر بنەمای بەرژەوەندییەکان بەڕێوە ببرێت.

65 جار خوێندراوەتەوە