لەکاتێکدا قایمقامیەتی سەیدسادق هۆشداری دەداتە هاووڵاتییان لە بەکارنەهێنانی جۆرێکی "خوێی هیمالایا" و دەستی بە کۆکردنەوەی کردووە، کۆمپانیای هاوردەکاری بەرهەمەکە دەڵێت: وەزارەتی تەندروستی پشکنینی بۆ بەرهەمەکان کردوە و هیچ کێشەیەکی تەندروستی و یاسایی نیە.
بەپێی نووسراوێکی فەرمیی بەڕێوەبەرایەتیی خۆپاراستنی تەندروستیی سلێمانی کە لە ڕێکەوتی 12ی تەممووزی 2026 دەرچووە و ئاراستەی قایمقامیەتی قەزای سەیدسادق کراوە، پاش ئەنجامدانی پشکنینی تاقیگەیی بۆ هەردوو نموونەی "خوێی هیمالایای پەمەیی ئۆرگانیک" و "خوێی دەریایی سێلتیک"، دەرکەوتووە کە ئەو دوو بەرهەمانە بۆ خواردن "نەشیاون". لەسەر بنەمای ئەم پشکنینەش، قایمقامیەتی سەیدسادق داوای لە هاووڵاتییان کردووە بەکاری نەهێنن و لیژنەکانیشیان ڕاسپاردووە بۆ لەناوبردنی ئەو جۆرە خوێیە لە بازاڕەکاندا.
لە بەرامبەردا، کۆمپانیای "کاریا کار"، لە ڕاگەیەندراوێکی ڤیدیۆییدا ئەو زانیارییانەی ڕەتکردەوە و ڕایگەیاند کە بڵاوکردنەوەی ئەو جۆرە دەنگۆیانە بێ بنەمان.
کۆمپانیاکە جەخت دەکاتەوە کە تەواوی کارەکانیان لە چوارچێوەی ڕێنماییە فەرمییەکاندایە و سەرجەم بەرهەمەکانیان بە پشکنینەکانی تەندروستیدا تێپەڕ دەبن.
کۆمپانیاکە پشتی بە نووسراوێکی بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی چۆمان بەستووە کە لە ڕێکەوتی ١ی حوزەیرانی 2026دەرچووە، تێیدا هاتووە کە دەرەنجامی پشکنینی نموونە خۆراکییەکانیان لە ڕووی فیزیاوی و کیمیاوییەوە دەرچوون و "شیاوی خواردنن" و دەشڵێت: ئەگەر بە بەڵگەوە بسلەمێنرێت کە کێشە لە بەرهەمەکاندا هەیە ئەوا پابەندی هەمو ڕێکارێکی یاسایین.
228 جار خوێندراوەتەوە