ئێران: بە هەماهەنگی لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان ئاسایشی سنوورەکان دەپارێزین

KNN : Kurdish News Network
01:18 - 27/07/2026
جیهان
+
-

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، بە هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی عێراق و لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەرێمی کوردستان، هەوڵدەدەن سنوورە هاوبەشەکانیان ئارام بن و ڕێگری لە هەر جۆرە جوڵەیەکی گرووپە چەکدارەکان بکەن.

 

ئیسماعیل بەقایی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران سەبارەت بە سەردانەکەی هەفتەی ڕابردووی عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ تاران ئاماژەی بەوەکرد، لە میانی سەردانەکەدا گفتوگۆ لەسەر بەهێزکردنی ئاسایشی سنوورەکان و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر کراوە، ئەوەش پاڵپشت بەو ڕێککەوتنە ئەمنییەی چەند ساڵێکە لە نێوان هەردوو وڵاتدا واژۆ کراوە.

 

لەبارەی ئەو دەنگۆیانەی کە گوایە لە میانی سەردانەکەیدا زەیدی پەیامێکی ئەمریکای گەیاندووەتە ئێران، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوە ئەو دەنگۆیانەی ڕەتکردەوە و جەختی لەوە کردەوە، هەڵوێستی تاران لەو بارەیەوە هەمان ئەو هەڵوێستەیە کە پێشتر نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق بەڕوونی ڕایگەیاندووە و بوونی هەر پەیامێکی لەو شێوەیەی ڕەتکردووەتەوە.

63 جار خوێندراوەتەوە