پەرلەمانی تورکیا پرۆژە یاسای چارەسەری پرسی کورد تاوتوێ دەکات

KNN : Kurdish News Network
10:34 - 27/07/2026
جیهان
+
-

پڕۆژەیاسای چارەسەری پرسی کورد کە لەلایەن حکومەتی تورکیاوە بە (تورکیای بێ تیرۆر) ناوزەد کراوە، گەیشتە پەرلەمانی ئەو وڵاتە و بڕیارە ئەمڕۆ دووشەممە گفتوگۆی چڕی لەسەر بکرێت، بەڵام لە ناوەڕۆکی پڕۆژەیاساکەدا کە لە 11 ماددە پێکهاتووە، هیچ ئاماژەیەک بە چارەنووسی سەرکردەکانی پەکەکە و عەبدوڵا ئۆجەلان نەکراوە.

 

بەپێی زانیارییەکانی سەرچاوەکانی ناو ئاکەپە و ڕۆژنامەی (جومهورییەت)ی تورکی، پڕۆژەیاساکە مەرجی چەکدانانی پەکەکە لەخۆدەگرێت، کە تیایدا ماوەی ساڵێک دەدرێتە ئەو چەکدارانەی کە دەستیان لە تاواندا نەبووە بۆ ئەوەی شاخ جێبهێڵن و بگەڕێنەوە بۆ ناو ژیانی ئاسایی تاوەکو لێخۆشبوونیان بۆ دەربچێت، دواتریش لیژنەیەکی سەربازی چاودێریی پرۆسەی ڕادەستکردنی چەکەکانی پەکەکە دەکات.

 

لە پڕۆژەیاساکەدا هاتووە، ئەو کەسانەی دەگەڕێنەوە و لێخۆشبوونیان بۆ دەردەچێت، بۆ ماوەی ساڵێک لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە چاودێری دەکرێن، لەگەڵ ئەوەشدا بۆ ماوەی پێنج ساڵ مافی بەشداریکردنیان لە هیچ چالاکییەکی سیاسیدا نابێت و ناتوانن ببنە ئەندامی هیچ پارتێکی سیاسی.

 

لە بەشێکی دیکەی پڕۆژەیاساکەدا، هیچ باسێک لە چارەنووسی عەبدوڵا ئۆجەلان، سەرۆکی زیندانیکراوی پەکەکە و بەرپرسانی باڵای ئەو پارتە نەکراوە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە موراد قەرەیلان، بەرپرسی باڵای پەکەکە لە دیمانەیەکی تەلەڤزیۆنیدا ڕایگەیاندبوو، بەبێ ئازادکردنی ئۆجەلان بەهیچ شێوەیەک چەک فڕێ نادەن.

 

سەبارەت بە هەڵوێستی لایەنەکان، ناکۆکییەکی قووڵ لە نێوان دەم پارتی و پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکەپە) دروست بووە؛ دەم پارتی داوای لێخۆشبوونی گشتی بۆ سەرجەم چەکداران دەکات بێ جیاوازی، بەڵام ئاکەپە و مەهەپە سوورن لەسەر ئەوەی لێخۆشبوونەکە ئەو چەکدارانە ناگرێتەوە کە تاوانیان کردووە. هاوکات لەبارەی چارەنووسی نزیکەی 100 هەزار زیندانیی سیاسی لە تورکیا، قسە لەسەر ئەوەیە تەنها ئەوانە ئازاد بکرێن کە نەخۆشن یان زیاتر لە 30 ساڵە زیندانی کراون، نەک ئەو کەسانەی بە تۆمەتی کوشتنی سەربازی تورک دەستگیر کراون، ئەمەش خاڵێکی دیکەی ناکۆکیی نێوان هەردوو پارتەکەیە.

22 جار خوێندراوەتەوە