ئەحمەد شەرع،
سەرۆکی سوریا هۆشداری دەداتە عێراق لە بوونی ژمارەیەک گرووپی چەکداریی
کۆنترۆڵنەکراو لەسەر سنوورەکانی نێوان هەردوو وڵات و، داوا دەکات ڕێککەوتنێکی
ئەمنیی ڕاستەوخۆ لەگەڵ بەغدا واژۆ بکرێت بۆ چارەسەرکردنی ئەو پرسە.
ئەحمەد شەرع،
لە لێدوانێکدا سەبارەت بە پەیوەندییەکانی نێوان سوریا و عێراق و دۆسیەی ئەمنیی
هاوبەشی نێوانیان ڕایگەیاند، دیمەشق بە نیگەرانییەوە چاودێریی جوڵەی بەشێک لەو
گرووپە چەکدارانە دەکات لە دیوی عێراقەوە کە بەتەواوی ملکەچی یاساکانی ئەو وڵاتە
نین، هۆشداریشیدا لەوەی هەبوونی ئەو جۆرە گرووپانە لە دەرەوەی چوارچێوەی دامەزراوە
فەرمییەکان، هەڕەشەیە بۆ سەر سەقامگیریی ناوچە سنوورییەکانی نێوان هەردوو وڵات و
دەبێت ڕێگرییان لێ بکرێت.
سەرۆکی سوریا
ئاماژەی بەوەشکردووە، وڵاتەکەی هەوڵدەدات سنوورەکانی لەگەڵ عێراقدا ئارام و
سەقامگیر بن و، بەڕێوەبردنی ئەم دۆسیەیە دەبێت تەنها لە ڕێگەی کەناڵە حکومییەکان و
دەزگا ئەمنییە فەرمییەکانی هەردوو وڵاتەوە بێت، بە جۆرێک کە ڕێگری لە هەر جوڵەیەکی
چەکداریی کۆنترۆڵنەکراو یان هەڕەشەیەک بکرێت کە سنوورەکان ببەزێنێت.
لە بەشێکی
دیکەی قسەکانیدا، شەرع جەختی لەوە کردەوە کە پەیوەندییەکانی نێوان دیمەشق و بەغدا
بەرەوپێشچوونی بەخۆیەوە بینیوە و، هەردوولا کار بۆ بەهێزکردنی هەماهەنگییەکان
دەکەن لە دۆسیەکانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، کۆنترۆڵکردنی سنوورەکان، ڕێگریکردن لە
دزەکردن و پاراستنی دەروازە هاوبەشەکان، ئەمە جگە لە تاوتوێکردنی داڕشتنی
هاریکارییەکی ئەمنیی گشتگیرتر بۆ قۆناغی داهاتوو.
ئەم هەڵوێستەی
سوریا لە کاتێکدایە کە هەستیارییەکی زۆر لەسەر سنوورەکانی نێوان عێراق و سوریا
هەیە، کە لە ساڵانی ڕابردوودا بەردەوام جموجۆڵی گرووپە چەکدارەکان و قاچاخچێتی
بەخۆیەوە بینیوە، ئەمەش وایکردووە کە ئەو ناوچەیە یەکێک بێت لەو ناوچانەی زۆرترین
پێویستی بە هەماهەنگیی ڕاستەوخۆ و بەردەوام هەیە لە نێوان بەغدا و دیمەشقدا.
33 جار خوێندراوەتەوە