دەستەی
دەستپاکی فیدراڵی ڕایدەگەیەنێت، لە هەڵمەتێکدا دەستیان بەسەر بڕی دوو ملیار و 500
ملیۆن دیناردا گرتووە لەناو ماڵی بەڕێوەبەری پێشووی بەشی ژمێریاریی پارێزگای
سەڵاحەدین، کە لە ئێستادا بەهۆی لێکۆڵینەوە لە دۆسیەیەکی گەندەڵییەوە دەستبەسەرە.
بەپێی
ڕاگەیەندراوێکی دەستەی دەستپاکی، تیمێکی مەیدانیی نووسینگەی سەڵاحەدین بەپێی
بڕیارێکی دادوەر پشکنینیان بۆ ماڵی تۆمەتبارەکە کردووە و جگە لە دەستبەسەرداگرتنی
ئەو بڕە پارە زۆرە، ئاشکراشیان کردووە کە شەش خانووی نیشتەجێبوون لە پڕۆژەکانی
وەبەرهێناندا بەناوی هاوسەری ئەو بەرپرسەوە تۆمارکراون.
لە
ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، تۆمەتبارەکە بەپێی مادەی 340 لە یاسای سزادانی عێراقی
دەستبەسەر کراوە، ئەمەش لەسەر دۆسیەیەکی پەیوەست بە خەرجکردن و دەرکردنی چەکێکی
بانکی لە بانکی ڕافیدەین، کە بە بیانووی خەرجکردنی شایستە داراییەکان و جیاوازیی
مووچەی فەرمانبەرانی پارێزگاکە دەرکراوە، بەڵام لە بنەڕەتدا مامەڵەی خەرجکردنەکە
پشتی بە پسوولەی ساختە بەستووە.
دەستەی
دەستپاکی ئاماژەی بەوەش کردووە، تیمەکەیان کۆنووسی دەستبەسەرداگرتنی پارە و
کەلوپەلەکانیان بەشێوەیەکی فەرمی ڕێکخستووە و پێشکەشی دادوەری لێکۆڵینەوەی
تایبەتمەندیان کردووە بۆ گرتنەبەری ڕێکارە یاساییە پێویستەکان.
22 جار خوێندراوەتەوە