ڕاوێژکاری
ئاسایشی نیشتمانیی عێراق ئاشکرای دەکات، چەند شانەیەکی ئۆکراینی لە ناوخۆی عێراقدا
دەستگیرکراون کە ئامانجیان هێرشکردنە سەر دامەزراوەکانی وڵات بووە، هاوکات جەخت
لەوەش دەکاتەوە کە ئەمریکا هیچ کێشەیەکی لەگەڵ حەشدی شەعبیدا نییە و لاریشی نییە
لە تێکەڵکردنی گرووپە چەکدارەکان بەو هێزە.
قاسم عەبودی،
ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤیزیۆنیدا ڕایگەیاند،
دەستوەردانی ئۆکراینا لە عێراقدا بوونی هەیە و تێوەگلاون لە بۆردومانکردنی هەندێک
ناوچە. ئاماژەی بەوەش کرد، دۆسیەی ئەو هێرشانەی کە دەدرێنە پاڵ گرووپە چەکدارەکان
ئاڵۆزە و پێویستی بە لێکۆڵینەوەی زیاترە. باسی لەوەش کرد کە لە ئێستادا چەند کەسێک
دەستگیرکراون و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت، کە دانیان بەوەدا ناوە لە
بەرژەوەندیی ئۆکراینا کار دەکەن و بەشێک لە دامەزراوەکانی عێراقیان کردووەتە
ئامانج.
لەبارەی دەنگۆی
هەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبییەوە، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ڕوونیکردەوە، لە هیچ
کۆبوونەوەیەکدا باسی حەشدی شەعبی نەکراوە. وتیشی: "ئەمریکییەکان لارییان نییە
لە تێکەڵبوونی گرووپە چەکدارەکان بە حەشدی شەعبی، ئەمەش خۆی لە خۆیدا داننانە بەو
هێزەدا". هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە تەنانەت وڵاتانی کەنداویش کە
سەردانیان کردوون، هیچ تێبینییەکیان لەسەر حەشدی شەعبی نییە، بەڵام ئەو هێزەش وەک
زۆرینەی دامەزراوە ئەمنییەکانی دیکە، پێویستی بە ڕێکخستنەوە هەیە.
65 جار خوێندراوەتەوە