دادگای عێراق دەستبەسەرداگرتنی 27 ملیار دیناری لە دۆسیەی بریکارێکی وەزارەتی نەوت ڕاگەیاند

KNN : Kurdish News Network
10:49 - 26/07/2026
عێراق
+
-

ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق، ئەمڕۆ یەکشەممە، دەستبەسەرداگرتنی 27 ملیار دیناری لە دۆسیەی بریکاری وەزارەتی نەوت بۆ کاروباری پاڵاوتن ڕاگەیاند، کە پەیوەندیی بە بەهەدەردانی سامانی گشتییەوە هەیە لەو پڕۆژانەی لەلایەن تۆمەتبار و لایەنەکانی دیکەی ناو دۆسیەکەوە جێبەجێ کراون.

 

دادوەری لێکۆڵینەوە لە دادگای تاوانەکانی ناوەندیی نەهێشتنی گەندەڵی لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، لە دۆسیەی عەدنان جومەیلی، بریکاری وەزارەتی نەوت بۆ کاروباری پاڵاوتن کە لە ئێستادا دەستبەسەرە، لەگەڵ ئەو کەسانەی لە دۆسیەکەدا تێوەگلاون، بڕی 27 ملیار دیناری عێراقی دەستی بەسەردا گیراوە.

 

دادوەرە تایبەتمەندەکە ڕوونیشی کردەوە، لە ئەنجامی بەدواداچوونی ورد بۆ دەستبەسەرداگرتنی ئەو پارانەی لە ئەنجامی بەهەدەردان لە پڕۆژەکاندا دەستکەوتوون، توانراوە ئەو بڕە پارەیە بدۆزرێتەوە کە لای چەند کەسێک شاردراوەتەوە. جەختیشی لەوە کردەوە کە لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن بۆ گەیشتن بە سەرجەم ئەو کەسانەی لەو دۆسیەیەدا تێوەگلاون و سزادانیان.

35 جار خوێندراوەتەوە