سەردانەکەی
عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ تاران چەندین گفتوگۆی ئاڵۆزی بەخۆیەوە بینیوە
سەبارەت بە پرسی قەرزەکانی غازی ئێران و زامنکردنی تێپەڕبوونی کەشتییە نەوتییەکانی
عێراق بە گەرووی هورمزدا، لە کاتێکدا تاران داوای 11 ملیار دۆلار قەرزی کەڵەکەبوو
دەکات و ڕەتیشیکردووەتەوە بە فەرمی تێپەڕبوونی ئارامی کەشتییە عێراقییەکان لە
بەیاننامەی هاوبەشی سەردانەکەدا جێگیر بکات.
کەناڵی
"حورە" لە زاری دوو سەرچاوەی ئاگاداری عێراقییەوە، کە یەکێکیان نزیکە لە
سەرۆک وەزیران و ئەوی دیکەیان دیپلۆماتکارە، بڵاویکردەوە، لایەنی ئێرانی داوای لە
بەغدا کردووە بڕی نزیکەی 11 ملیار دۆلاری پێبدات، کە شایستە داراییە
کەڵەکەبووەکانی ساڵانی ڕابردووی هەناردەی غازی ئێرانە بۆ عێراق.
سەرچاوەکان
ئاماژەیان بەوە کردووە، زەیدی بە بەرپرسانی ئێرانی ڕاگەیاندووە کە لە ئێستادا
عێراق توانای دابینکردنی ئەو بڕە پارەیەی نییە، لە بەرامبەردا پێشنیاری کردووە
ملیارێک دۆلار لەو پارانە بدات کە وەک شایستەی حاجییانی ئێرانی لە سعودیە دانراون،
بەڵام تاران ئەو پێشنیارەی ڕەتکردووەتەوە و پێداگری کردووە لەسەر ئەوەی شایستەکان
ڕاستەوخۆ بدرێتە خۆی. ئەمەش دەریخستووە کە گفتوگۆکانی نێوان هەردوولا زۆر لەوە
ئاڵۆزتر بوون کە لە بەیاننامە فەرمییەکاندا خراونەتەڕوو، بەتایبەتی بەهۆی ئەوەی
عێراق ڕووبەڕووی سەختی بووەتەوە لە گواستنەوەی پارە بۆ تاران لە ڕێگەی سیستەمی
بانکیی نێودەوڵەتییەوە بەهۆی سزاکانی ئەمریکاوە.
لە پرسێکی
دیکەدا، بەغدا هەوڵیداوە گرەنتی ئەوە لە ئێران وەربگرێت کە ڕێگە بدات کەشتییە
نەوتییەکانی عێراق بەبێ کێشە بە گەرووی هورمزدا تێپەڕ ببن، بەدوور لە هەر ڕێکارێک
کە ببێتە هۆی تێکدانی جووڵەی دەریاوانی لە ناوچەکەدا. بەپێی سەرچاوە نزیکەکەی
سەرۆک وەزیران، مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران بە زەیدی ڕاگەیاندووە کە
ئاراستەیەک هەیە بۆ بەدەرکردنی عێراق لە هەر ڕێکارێک کە کاریگەری لەسەر جووڵەی
کەشتییە نەوتییەکانی هەبێت، بەڵام کاتێک لایەنی عێراقی داوای کردووە ئەم
بەدەرکردنە بە فەرمی لە بەیاننامەی هاوبەشی سەردانەکەدا جێگیر بکرێت، تاران ڕەتی
کردووەتەوە.
ئەم پێشهاتانە
لە کاتێکدان کە عێراق بۆ هەناردەکردنی نەوتەکەی بەڕێژەیەکی زۆر پشت بە کەنداو
دەبەستێت و هاوکات پێویستییەکی زۆری بە غاز و کارەبای ئێران هەیە، ئەوەش هاوکاتە
لەگەڵ بەردەوامیی فشارەکانی ئەمریکا بۆ کەمکردنەوەی ئەو پشتبەستنە بە تاران،
بەتایبەتی دوای هەڵوەشاندنەوەی لێخۆشبوونە تایبەتەکانی دانەوەی قەرزی وزەی ئێران
لە سەرەتای ساڵی 2025دا.
29 جار خوێندراوەتەوە