مەسرور بارزانی: بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان زیاتر لە هەموو کات پێویستیمان بە یەکڕیزیی هەیە

KNN : Kurdish News Network
12:25 - 27/07/2026
کوردستان
+
-

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، داوا لە حکومەتی فیدڕاڵیی عێراق دەکات پێداچوونەوە بە مەرجی ڕادەستکردنی 120 ملیار دینار لە داهاتی ناوخۆی هەرێمدا بکات و، جەختیش لە پێویستیی کاراکردنەوەی پەرلەمان و پێکهێنانی کابینەیەکی نوێی خزمەتگوزار دەکاتەوە.

 

سەرۆکی حکومەتی هەرێم ڕایگەیاند، بەهۆی کەمبوونەوەی داهاتەکانەوە، پێویستە بەغدا پێداچوونەوە بە بڕیاری ڕادەستکردنی ئەو 120 ملیار دینارەدا بکات، چونکە هەرێمی کوردستان سەرجەم پابەندبوونەکانی خۆی بەرامبەر بە حکومەتی فیدڕاڵی جێبەجێ کردووە. هاوکات داواشی کرد، بەغدا ئەو بڕە نەوتە خاوە زیاد بکات کە بۆ پێداویستیی ناوخۆی هەرێم تەرخانکراوە و بڕەکەی 50 هەزار بەرمیلە، چونکە لە ئێستادا کەمترە لە پێداویستییەکانی هەرێمی کوردستان.

 

لەبارەی قەیرانەکانی ناوخۆ و کێشەی کارەباوە، مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوە کرد کە "پڕۆژەی ڕووناکی" هیچ کێشەیەکی نییە، بەڵکو کەمبوونەوەی کارەبا دەگەڕێتەوە بۆ وەستاندنی بەرهەمهێنانی غاز لەلایەن کۆمپانیای دانەغازەوە و، چارەسەرکردنی ئەو گرفتەش بەندە بە زیادکردنی بەرهەمهێنانی غازەوە. سەبارەت بە بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین و سووتەمەنیش، هۆکارەکەی بۆ ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە و بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە جیهاندا گەڕاندەوە، بەڵام هاووڵاتییانی دڵنیا کردەوە کە هەوڵەکانیان لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بەردەوامە بۆ کەمکردنەوەی نرخەکان و تێپەڕاندنی ئەم دۆخە.

 

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، مەسرور بارزانی سوپاسی خۆڕاگریی هاووڵاتییانی کرد و داوای لە سەرجەم لایەنە سیاسییەکان کرد بێنە پێشەوە بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان و پێکهێنانی حکومەتێکی سەرتاسەری و خزمەتگوزار. هەروەها جەختی کردەوە کە چارەسەرکردنی سەرجەم کێشەکان، زیاتر لە هەر کاتێکی دیکە، پێویستی بە یەکڕیزی و یەکهەڵوێستیی لایەنە سیاسییەکان هەیە و بۆ ئەوەش ئامادەین بۆ کۆبوونەوە و دیدار لەگەڵ لایەنەکان.

31 جار خوێندراوەتەوە