سەرۆکایەتیی داواکاری گشتیی هەرێمی کوردستان نیگەرانیی قووڵی خۆی بەرامبەر بە چەقبەستوویی سیاسی و یاسایی هەرێم دەردەبڕێت و هۆشداری دەداتە لایەنەکان کە دواکەوتنی پێکهێنانی کابینەی نوێ و کارانەنەکردنەوەی پەرلەمان، زیانی گەورە بە قەوارەکە و ژیانی هاووڵاتییان دەگەیەنێت، هاوکات داواش دەکات دەسەڵاتی دادوەری لە ململانێی حزبی دووربخرێتەوە.
لە بەیاننامەیەکدا کە ئەمڕۆ بڵاویکردووەتەوە، سەرۆکایەتیی داواکاری گشتی ئاماژەی بەوە کردووە، ڕاگرتن و پەکخستنی پرۆسەی دادوەری لە دادگای پێداچوونەوەی هەرێمی کوردستان لە دۆخی پەرلەمان جێگەی نیگەرانییەکی زیاترە، چونکە دەسەڵاتی دادوەری دامەزراوەیەکی سەربەخۆیە و تەنها یاسا دەسەڵاتی بەسەریدا هەیە. بۆیە داوا دەکات ئەو دەسەڵاتە لە هەر کێبڕکێ و ململانێیەکی حزبی دووربخرێتەوە و ڕەچاوی یاسای دەسەڵاتی دادوەری بکرێت کە کاری حزبایەتی لە دادوەران قەدەغە کردووە، هەروەها داوا لە دادگای پێداچوونەوە دەکات دەست بە کارە ئاساییەکانی بکاتەوە بۆ پاراستنی مافی هاووڵاتییان.
داواکاری گشتی، پاڵپشت بە یاسای بەرکار و لە پێناو پاراستنی سیستەمی گشتی و سەروەریی یاسادا، داوا لە سەرجەم حزب و لایەنەکان، بەتایبەتی فراکسیۆنە براوەکانی پەرلەمان دەکات، بەدەم خواستەکانی خەڵکەوە بچن و هەوڵەکانیان چڕ بکەنەوە بۆ بەپەلە سازدانی کۆبوونەوەی پەرلەمان و پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان.
لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا هاتووە، بۆ ڕێگریکردن لە دروستبوونی بۆشایی سیاسی و کارگێڕی لە هەرێمی کوردستان، تا ئەو کاتەی پەرلەمان و کابینەی دەیەمی حکومەت پێکدەهێنرێت، بەردەوامبوونی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێم بۆ ڕاییکردنی کاروباری هاووڵاتییان و پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان، پێویستییەکی دەستووری و یاساییە.
70 جار خوێندراوەتەوە