ئەمڕۆ دووشەممە لە کۆبونەوەی سەرۆکی حکومەت و وەزارەتی سامانە سروشتییەکاندا بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کەمیی بەنزین و سووتەمەنی، و وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکانی راسپێردران کێشەی کەمی بەنزین چارەسەر بکەن
بەپێی راگەیەندراوێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەکەدا چەند بڕیارێک دەرکراون، لەوانە: هێشتنەوەی نرخی بەنزینی نۆرماڵی پاڵپشتیکراو بە هەمان نرخی ئێستا و دابەشکردنی بەسەر ئەو بەنزینخانانەی کە پابەندن بە رێنماییەکانی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بەمەبەستی کۆنترۆڵکردنی نرخ و کوالێتیی بەنزین
هەروەها بڕیاردراوە پێداچوونەوە بە نرخی بەنزینی جۆری (سوپەر و موحەسەن)دا بکرێت بە جۆرێک کە لەگەڵ بازاڕی هەرێم گونجاو بێت و رێگری لە قازانجی ناڕەوا بکرێت، هاوکات ئاسانکاری بکرێت بۆ هێنانی ئەو ماددە کیمیاییانەی لە دروستکردنی ئەو دوو جۆرە بەنزینەدا بەکاردەهێنرێن
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، بڕیاردراوە داوا لە حکومەتی فیدراڵی بکرێت بڕی نەوتی خاوی تەرخانکراو بۆ هەرێمی کوردستان، کە ئێستا تەنیا 50 هەزار بەرمیلە، زیاد بکات بۆ 126.7 هەزار بەرمیل، ئەوەش بەپێی رێژەی (12.67٪)ی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان کە لەلایەن بەغداوە دیاریکراوە. لە کۆتاییشدا جەخت لە رێگریکردن لە قۆرخکاری لە بواری سووتەمەنی و بەتایبەتی بەنزین کراوەتەوە
82 جار خوێندراوەتەوە