شەپۆلێکی گەرما ناوچەکە دەگرێتەوە

KNN : Kurdish News Network
02:08 - 27/07/2026
کوردستان
+
-

شارەزایەکی کەشناسی ڕایدەگەیەنێت، بەهۆی کاریگەرییەکانی نزمەپاڵەپەستۆی وەرزیی زەریای هیندییەوە، لە سبەی سێشەممەوە شەپۆلێکی گەرما ناوچەکان دەگرێتەوە و پلەکانی گەرما سێ بۆ پێنج پلەی سیلیزی بەرز دەبنەوە.

 

شاڵاو هیدایەت، شارەزای کەشناسی، لە بڵاوکراوەیەکدا ئاماژەی بەوە کردووە، ئەم شەپۆلە دەبێتە یەکەم شەپۆلی گەرمای بەتین و تا ڕادەیەک بەهێز لەم هاوینەدا، بە جۆرێک پلەکانی گەرما بۆ یەکەمجار دەگەنە سەرووی ئاستی ئاسایی خۆیان. هاوکات بەهۆی زیادبوونی ڕێژەی شێ لە هەوادا، هەستکردن بە گەرما زۆر زیاتر دەبێت لە ڕۆژانی ڕابردوو.

 

ئەو شارەزایەی کەشناسی ئەوەشی خستووەتە ڕوو، لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما، ڕەشەبا ناوە ناوە چالاک دەبێت؛ سبەی سێشەممە خێراییەکەی کەم دەبێت، بەڵام لە ڕۆژی چوارشەممە و ڕۆژانی دواتر خێراییەکەی زیاد دەکات و پێشبینی دەکرێت لە ڕووی کاریگەری و ماوەی مانەوەیەوە لە ڕەشەبای ڕۆژانی ڕابردوو بەهێزتر بێت. هەروەها، بەهۆی هاتنی هەور لە ڕێگەی ڕەشەباکەوە، ئەگەری نمەباران لە هەندێک ناوچەدا هەیە.

 

لە کۆتاییدا ئاماژەی بەوەش کردووە، پێشبینی دەکرێت چالاکبوونی ڕەشەباکە تاوەکو ناوەڕاستی هەفتەی داهاتوو بەردەوام بێت و، دوای کۆتاییهاتنی ئەو شەپۆلەش، پلەکانی گەرما بەڕێژەیەک دادەبەزنەوە.

27 جار خوێندراوەتەوە