دەستەی دەستپاکی: بەناوی رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵییەوە سەرانە لە خەڵک وەردەگیرێت

KNN : Kurdish News Network
06:01 - 15/07/2026
عێراق
+
-

دەستەی دەستپاکی فیدراڵی، ئەمڕۆ چوارشەممە، هۆشداری دا لە هەوڵەکانی پارەسەندن و هەڕەشەکردن کە لەلایەن چەند کەسێکەوە ئەنجام دەدرێن بە ناوی کارکردن لە دەستەکە، ئەوەش لە ڕێگەی قۆستنەوەی هەڵمەتی ڕاوەدوونانی گەندەڵکاران. دەستەکە جەخت لەوە دەکاتەوە کە سەرجەم ڕێکارەکانی بەپێی چوارچێوە یاساییەکان و پاڵپشت بە فەرمانی دادوەری جێبەجێ دەکرێن.

 

لە ڕاگەیەندراوێکدا، دەستەی دەستپاکی ئاماژەی بەوە کردووە: "ڕێکارەکانی ئەم دواییەی دەستەکەمان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و ڕاوەدوونانی ئەو کەسانەی زیادەڕەوییان کردووەتە سەر ماڵی گشتی، لەگەڵ ئەو ئۆپەراسیۆنە جۆرییانەی کە لە بەغدا و پارێزگاکان ئەنجام دراون، بەپێی ئاراستە یاساییەکان و بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە دادوەرییە پەیوەندیدارەکان بەڕێوە دەچن".

 

هاوکات دەستەکە داوای لە دامەزراوە فەرمییەکان، وەبەرهێنەران و سەرجەم هاوڵاتییان کردووە کە دڵنیاببنەوە لە ناسنامەی هەر کەسێک کە بانگەشەی کارکردن بۆ دەستەی دەستپاکی دەکات، و بەدەم هیچ پەیوەندییەکەوە نەچن کە لە دەرەوەی چوارچێوە فەرمییەکان دەکرێت. هەروەها هۆشداریشیدا لە هەوڵەکانی قۆستنەوەی هەڵمەتەکە بۆ هەڕەشەکردن و پارەسەندن لە هاوڵاتییان لەپێناو بەدەستهێنانی مەرامی نایاسایی.

 

لە کۆتاییدا، دەستەی دەستپاکی داوای لە هاوڵاتییان کردووە کە لە کاتی بینینی هەر جۆرە خۆناساندنێکی ساختە بە ناوی دەستەکەوە، بەپەلە لە ڕێگەی ژمارە (154)ی بێبەرامبەرەوە پەیوەندییان پێوە بکەن، تاوەکو ڕێکاری یاسایی بگیرێتەبەر و تێوەگلاوان دەستگیر بکرێن.

61 جار خوێندراوەتەوە